یانەکانی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوە یاری دەکەن

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد کارێزی
نیشانەکردن خولی ئەستێرەکانی عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گەڕی 28ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، چوار یانەکەی کوردستان دەیانەوێت قەرەبووی بەخشینەوەی خاڵەکانیان بکەنەوە و بەبردنەوەی یارییەکان دڵی هاندەرانیان ئاشت بکەنەوە. 
 
یانەی دهۆک وەرزی ئەمساڵ زۆرترین راهێنەری گۆڕیوە، دوای هێنانی چوار راهێنەر هێشتا ئەنجامەکانی لە ئاست چاوەڕوانی هاندەرانیدا نین، وەرزی رابردوو ئەو تیپە پاڵەوانی جامی عێراق بوو، جامی یانەکانی کەنداویشی بەرزکردەوە، بەڵام وەرزی ئەمساڵ ئاستی وەک پێویست نییە، ئێستا بەکۆکردنەوەی 37 خاڵ لە پلەی دەیەمی ریزبەندییە.
 
ئالهۆین چیای لە گەڕی رابردوودا بەئەنجامی سێ گۆڵی بێبەرامبەر بە گەرمە دۆڕا، ئەمجارە دەیەوێت لە پایتەختی عێراقەوە بە تێپەڕاندنی یانەی ئەمانە بەغدا سێ خاڵ بکاتە دیاری هاندەرانی.
 
یانەی زاخۆ لەنێو یاریگە گەرموگوڕەکەی بە پاڵپشتی هەزاران هاندەری خاوەن خەڵاتی زەبێستی 2025 میوانداری یانەی تەڵەبە دەکات، کوڕانی خابوور یاری رابردوو لەنێو خاکی خۆیان بە گۆڵێک لەگەڵ زەورا یەکسانبوون، ئامانجی ئەمجارەیان بەزاندنی رکابەرەکەیان و دڵخۆشکردنی لایەنگرانیانە کە 90 خولەکە نازانن دانیشتن چییە.
 
لەو یارییەدا هەریەک لە شێرکۆ کەریم و ئێچێتا دیپۆتی بەهۆی پێکان ناتوانن یاری بکەن، ئەحمەد ئیبراهیم بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور ناتوانێت یاری بکات.
 
حەمید ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری یانەی زاخۆ بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "تیپەکەمان بەشێوەیەکی زۆر باش بۆ یاریمان بەرامبەر یانەی تەڵەبە خۆی ئامادەکردووە و دەمانەوێت سێ خاڵی یارییەکە ببەینەوە، هەوڵەکانمان بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش بەردەوامن و دەستەی هونەریش کارییان لەسەر خاڵە بەهێزەکانی یانەی تەڵەبە کردووە". 
 
یانەی هەولێر وەرزی ئەمساڵ ئاستێکی بەرزی پێشکەشکردووە و ململانێی پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی دەکات و باشترین تیپی کوردستانە لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، بەڵام ئیمپڕاتۆر لە چوار یاریی رابردوودا یەکسانبووە و خاڵەکانی بەخشیوەتەوە، ئەمجارە درێس زەردەکان شەڕی یانەی نەفت دەکەن. 
 
خاڵی بەهێزی یانەی هەولێر یاریکردنی شێرزوود تێمیرۆڤی یاریزانی هەڵبژاردەی ئۆزبەکستانە، ئەمساڵ ئەو ئەستێرەیە ناوازەیە و بەتۆمارکردنی 22 گۆڵ سەرلیستی گۆڵکارانی خولەکەیە، هەولێر بەکۆکردنەوەی 53 خاڵ لە پلەی سێیەمی ریزبەندییە.
 
کومەیل سەعدی، گۆڵپارێزی یانەی هەولێر بۆ رووداو سپۆرستی روونکردەوە "دەتوانین بۆ یارییەکانی داهاتوو خۆمان رێکبخەینەوە و دڵی هاندەرانمان بەبردنەوەی یارییەکان خۆش بکەین". 
 
یانەی نەورۆز لە دوو یاریی رابردوویدا نەیتوانیوە سەرکەوتن تۆمار بکات و بە یەکسانبوون رازیبووە، ئەمجارە نەورۆزی کوردان لەنێو یاریگە جوانەکەیدا لە شاری سلێمانی یاری لەگەڵ مینا دەکات، نەورۆز کە هاندەرانی نزای مانەوەیان لە خولەکە بۆ دەکرد و خراپترین تیپی کوردستانی بوو لە خولەکە، وەلی کەریمی راهێنەر بووە فریادڕەسی و هەموو بۆچوونەکانی بە زنجیرە بردنەوەکان پێچەوانە کردەوە، تیپەکەی پایتەختی رۆشنبیری بەکۆکردنەوەی 39 خاڵ لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییە. 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە