روووداو دیجیتاڵ
چەند راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی نیگەرانییان لە لای جەماوەری بارسێلۆنا دروست کردووە سەبارەت بە لامین یامال، ئەستێرەی یانەکە، کە بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە کاتی مەشق و راهێنانەکاندا تووشی ئازار و ناڕەحەتی بووە، ئەمەش پێش رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیۆل لە خولی ئیسپانیا.
بارسێلۆنا لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی 31ـی لالیگا، لە دێربیی کەتەلۆنیادا لەسەر یاریگای کامپ نو میوانداری یانەی ئیسپانیۆل دەکات.
بارسیلۆنا خاوەنی 76 خاڵە و لە پێشەنگی خولی ئیسپانیایە، بەجیاوازی 6 خاڵ لە پێش ریال مەدریدە کە دوێنێ لە هەمان گەڕدا بەرامبەر جیرۆنا بە گۆڵێک بۆ هەرلایەکیان یەکسان بوون، لە کاتێکدا ئیسپانیۆل بە 38 خاڵ لە پلەی دەیەم دێت.
یانە کەتەلۆنییەکە هەوڵ دەدات دڵی هاندەرانی ئاشت بکاتەوە دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بەئەنجامی 2-0 بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید تووشی شکست بوو.
بەپێی گوتەی کارلۆس مۆنفۆرت، رۆژنامەنووسی وەرزشی "لامین یامال، ئەو باڵە بەهرەمەندەی بارسێلۆنا بەیانی ئەمڕۆ لە مەشقەکان کشاوەتەوە بەهۆی هەستکردن بە هەندێک ئازار، بەڵام دوای ئەوەی لەلایەن پزیشکەکانەوە پشکنینی وردی بۆ کراوە، دەرکەوتووە کە بابەتەکە تەنیا دۆخێکی کاتیی سادەیە و جێگەی نیگەرانی نییە".
ئەو رۆژنامەنووسە گوتیشی "تیمی پزیشکی یانەی بارسێلۆنا هاندەرانیان لە دۆخی لامین یامال دڵنیاکردووەتەوە و جەختیان کردووەتەوە کە تەندروستی باشە دوای تێپەڕاندنی ئەو ئازارە کەمەی کە تووشی ببوو".
پشکنینەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە کە هیچ پێکانێکی مەترسیدار نییە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی هانزی فلیکی راهێنەرە، کە ئایا لە یارییەکەی ئەمڕۆدا پشووی پێ دەدات یان بەشێوەیەکی ئاسایی بەشداری پێدەکات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی ئاماژەی بەوە کردووە، بە لەبەرچاوگرتنی یاریی گەڕانەوەی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید، پێدەچێت فلیک بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئیسپانیۆل پشوو بە یامال بدات تاوەکو بۆ یارییە ئەورووپییەکە ئامادە بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ