بابۆ: پێویستە یەکێتی تۆپی پێی کوردستان خۆی یەکلایی بکاتەوە


رووداو - هەولێر

لەکاتێکدا ئاسانکاریی زۆر بۆ رێکارەکانی خۆ پارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە باشووری کوردستان کراون، بەڵام تاوەکو ئێستا چارەنووسی خولی نایابی کوردستان دیارنییە، راهێنەرێکیش دەڵێت، یەکێتی تۆپی پێی کوردستان خۆی یەکلایی نەکردووەتەوە. 

سەمیر بابۆ، راهێنەری یانەی پێشمەرگەی هەولێر، پاڵەوانی وەرزی رابردووی خولەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، پێویستە سەرەتا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان خۆی یەکلاییبکاتەوە، پاشان یانەکان بڕیاری خۆیان بدەن کە ئامادەن بۆ یارییکردن یان نا، بۆیە پێش بڕیاری یەکێتییەکە هەر بڕیارێکی دیکە گرنگییەکی وای نییە.

بابۆ لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر بڕیاری دەستپێکردنەوە بدرێت ئامادەن بۆ یارییکردن گوتی، ئەگەر هاتوو بڕیاری ئەنجامدانی یارییەکان درا، ئەوا تیپەکەی من ئامادەدەبێت، لە ماوەی رابردووشدا بەردەوام رێنماییمان داوەتە یاریزانەکان، بەڵام هەر ناکاتە ئەوەی بە کۆمەڵ راهێنانەکانیان ئەنجامبدەن.



راهێنەری پێشمەرگەی هەولێر لەبارەی ئەگەرەی هەڵوەشاندنەوەی خولی کوردستان دەڵێت، هیچ راهێنەر و یاریزانێک نایەوێت خولەکە هەڵبوەشێتەوە، سەرەرای ئەو بارودۆخەی کە هەیەش دەمەوێت خولەکە تەواوبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان هیچ پەیوەندییەکی پێوە نەکردووین، بزانین چی دەبێت.

یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی کوردستان ماوەی دوو مانگە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە راگیراون، تاوەکو ئێستا یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بڕیاری لەبارەی دەستپێکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی خولەکە نەداوە.