رووداو - هەولێر
لەکاتێکدا ئاراستەکان لە دونیادا بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانن و لە هەموو ئەوروپاش، هەنگاوی سەرەتایی و کردەیی بۆ دەستپێکردنی رکابەرییەکانی خولە گەورەکانی ئەوروپا نراون و ئێستا هەمووان چاوەڕێی فیکە دەستپێکردنەوە و گەڕانەوەی ئەستێرە دڵخوازەکانیانن بۆ نێو لاکێشەی سەوز.
کۆرۆنا کە تەنگی بە دونیا هەڵچنی و هەمووانی ناردە ماڵەوە، لایەنی هەرە زەرەرمەند دونیا تۆپ و وەرزشوانان بوون، بەتایبەتیش کە دەرگای سەرچاوەی هەموو یانە و یاریزانەکان قوفڵیان لێدرا و بەناچاری و زۆرەملێ راهێنانەکانیان لە یاریگەوە گواستەوە ماڵەوە.
قسەی سەر زمان و بنی زمانی بەرپرسانی وڵاتان، یانە و یاریزانەکان، لە پاڵ رێنمایی خۆ پارێزی لە ڤایرۆسێک کە هێشتا هیچ چارەسەرێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە، وەرزشیشی لەگەڵ بوو و خەمی زۆریان بەدیارییەوە خوارد، یاریزانەکانیش بە لایڤی نێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەردە دڵیان بۆ یەکدی دەکرد، بەڵام لەم قۆناخەدا کوردستان لە کوێیە؟
خولی تۆپی پێی کوردستان کە گەورەترین چالاکی وەرزشییە لە باشووری کوردستان و دەیان گەنجی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە، لە ماوەی کەرەنتینە، قەدەخەی هاتووچۆ و مانەوە لە ماڵدا نەک بەرەو ئاراستەیەکی نادیار هەنگاوی نا، بەڵکو تەنانەت بە یەک وشەش نەک هەر لەلای بەرپرسانی کوردستان، بگرە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستانیش هەر باس نەکرا.
ئێستا کە دونیا کار دەکات بۆ ئەوەی ماندووبوونی ئەم وەرزەی هەموو لایەک بەبادا نەدرێت، هێشتا لە کوردستان هیچ هەنگاوێک نییە و هیچ شتێکیش دیارنییە، نە یانەکان قسەیەک دەکەن، نە یاریزانەکانیش دەست بە مەشق دەکەنەوە، نە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان، نە لیژنەی ئۆڵیمپی و بەڕێوەبەرایەتی وەرزشیش دەتوانن قسەیەکی لێ بکەن، ئەی روومان لە کوێ بکەین و بە کێ بڵێین؟ هەر خوا دەزانێت!
لە هەفتەی رابردووەتەوە تاوەکو نووسینی ئەم وتارەم، قسەم لەگەڵ زۆر بەرپرسی یانەکان، راهێنەر و یاریزانان، تەنانەت بەرپرسی یەکێتی تۆپی پێی کوردستانیش کردووە، کە خولەکە چی بەسەردێت و تاکەی چاوەڕواندەبن، هیچ کەسێک وەڵامێک نادات بەدەستەوە جێگەی ئومێد بێت و هەمووان هەر ئەوە دەزانن، نایزانین!
یاریزانەکان داوای مووچە و مافەکانیان دەکەن و دەیانەوێت خولەکە دەستپێبکاتەوە، یانەکان لەکاتێکدا هاوشێوەی یانەکانی جیهان سەرچاوەی داهاتیان نییە، سپۆنسەریان نییە، کەناڵی تایبەت بە گواستنەوەی یارییەکان نییە، پارەی پەخشی یارییەکان بداتە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کوردستان دەیانەوێت خولەکە نەکرێت، بەڵام زەرەمەند یاریزانان، لە رووی ئاست، ورە و تەنانەت بژێوی ژیانیش.
ئەگەرچی زۆر جیاوازی لەرووی داراییەوە لەنێوان کوردستان و جیهان هەن و هێشتا لای ئێمە وەرزش بە یاسا نەکراوە و لە دوایین کایەکانی ژیانی ئەم وڵاتەیە، بەڵام مادەم هەر خولەکە بەڕێوەدەبن و چەند گەنجێکی دڵ گەرم بە یارییەوە سەرقاڵ دەکەن، هەر هیچ نەبێت با خولەکە هەندێک نزیکی ئەو وڵاتانە بێت کە لە خراپترین بارودۆخدان.
دەمێکە دەڵێین درەنگ نییە ئەگەر پێداچوونە بە شێوازی بەڕێوەبردنی خولەکە بکرێت، دەمێکە دەڵێین کاتی چاکسازییە و پێویستە زیاتر کار بۆ بەرەوپێشبردنی وەرزشی کوردستان بکرێت، بەڵام کێ گوێ دەگرێت؟ کەس، بۆیەش لایەنی بەرپرس لە بەڕێوەبردنی خولەکەش نایزانێت کە چارەنووسی خولەکە چی بەسەردێت و ئەوەی کە هەیە تەنیا بە ناو خولە و زیاتر نا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ