هەموو شتێک لەبارەی راهێنەرە نوێیەکەی یانەی دهۆک

11-08-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن سێرجیۆ فاریاس یانەی دهۆک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی دهۆک گرێبەستکردنی لەگەڵ راهێنەرێکی دیاری بەرازیلی راگەیاند، بۆ ئەوەی لە وەرزی نویدا راهێنەرایەتی یانەکە بکات.
 
دهۆک بەشێوەیەکی فەرمی گرێبەستی لەگەڵ سێرجیۆ فاریاس، راهێنەری بەرازیلی و ستافێکی بەرازیلی کە لەگەڵ راهێنەرەکەدان واژۆکرد، بۆ ئەوەی شوێنی سلێمان رەمەزان، راهێنەری کوردستانی بگرێتەوە.
 
شەوی یەکشەممە فاریاس و یاریدەدەرەکانی چوونە بارەگای یانەی دهۆک و لەگەڵ دکتۆر عەبدوڵڵا جەلال، سەرۆکی یانەکە واژۆیان لەسەر گرێبەستی نێوانیان کرد.
 
سێرجیۆ فاریاس، لە دایکبووی ساڵی 1967ـە و تەمەنی 58 ساڵە، پێشتر یاریی نەکردووە، بەڵام لە 1993ـەوە کاری راهێنەرایەتی دەکات و ئەزموونێکی گەورەی وەکو راهێنەر هەیە و لە چەندین یانەی جیاواز کاری راهێنەرایەتی کردووە.
 
سەرەتای دەرکەوتنی راهێنەرەکە لە وەرزی 1993-1994 لە یانەی ساو ماتیوسی بەرازیلی بوو ئەوە یەکەم کاری راهێنەرایەتیی بوو، دوای ئەوە چووە یانەی داهرا و پاشانیش بووە راهێنەری سێرانۆ.
 
لە وەرزی 1998-1999 سێرجیۆ راهێنەری تیپی خوار 20 ساڵانی هەڵبژاردەی بەرازیل بوو، دوای ئەوە وەرزێک بووە راهێنەری یوڤێنتوسی بەرازیلی و پاشانیش لە تیپی خوار 17 ساڵانی بەرازیل و خوار 20 ساڵانی وڵاتەکەی درێژەی بە کارەکەیدا.

 
ساڵی 2002 گەڕایەوە تیپی خوار 20 ساڵانی سانتۆس کە پێشتر ماوەیەک ئەو تیپەی بەڕیوەبردبوو.
 
لە ساڵی 2005 سێرجیۆ کاروانەکەی بردە دەرەوەی بەرازیل و بووە راهێنەری یانەی پۆهانگ ستیلەرسی کۆریای باشوور، چوار ساڵ لە راهێنەرایەتیکردنی ئەو یانەیە بەردەوامبوو.
 
لە سەردەمی سێرجیۆدا پۆهانگ گەیشتە لووتکە و لە ساڵی 2007 خولی کۆریای باشووری بردەوە، لە ساڵی 2008 جامی کۆریای بەدەستهێنا، لە ساڵی 2009 نازناوی جامی خولی کۆریا و چامپیۆنزلیگی ئاسیای لەگەڵ ئەو یانەیە بەدەستهێنا.


 
هەر لەو ساڵەدا پلەی سێیەمی مۆندیالی یانەکانی لەگەڵ یانە کۆرییەکە بەدەستهێنا.
 
لە ساڵی 2007 سێرجیۆ فاریاس، وەکو باشترین راهێنەری ساڵ لەسەر ئاستی هەموو کۆریای باشوور دەستنیشانکرا.
 
لە ساڵی 2010 فاریاس بووە راهێنەری یانەی ئەهلی سعودی، ئەوە یەکەم دەرکەوتنی بوو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر لەو ساڵەدا بۆ وەرزێک بووە راهێنەری یانەی وەسڵی ئیماراتی.
 
وەرزی 2012-2013 راهێنەری گوانژۆی چینی بوو، دوای ئەوە گەڕایەوە بەرازیل و بووە راهێنەری دوکی دێ چیکیاس، بەڵام زۆری نەخایاند چووە تایلەند و بووە راهێنەری سوفانبوریی ئەو وڵاتە.

 
فاریاس جگە لەو یانانە راهێنەرایەتیی هەریەکە لە یانەکانی هیلالی سودانی، پێرسیا جاکارتای ئیندۆنیزی، ئوم سەڵاڵ و خۆری قەتەری، کازمەی کوێتیی کردووە و دوایین کاری راهێنەرایەتیی بەر لە وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەی دهۆک لەگەڵ یانەی باشوندرا کینگسی بەنگلادیشی بووە.
 
گرێبەستکردنی یانەی دهۆک لەگەڵ سێرجیۆ فاریاس، بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتیی یانەکە لەکاتێکدایە سلێمان رەمەزان، راهێنەری کوردستانی دوای بردنەوەی نازناوی جامی عێراق لەگەڵ یانەکە داوای لێبوردنی کرد و بەهۆی دۆخی تەندروستییەوە ئامادەنەبوو لە راهێنەرایەتیکردنی یانەکە بەردەوامبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە