هەواڵێکی خۆش بۆ هاندەرانی ریال مەدرید

11-10-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن کیلیان ئێمباپێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کیلیان ئێمباپێ تووشی پێکانبوو و بەپەلە دەگەڕێتەوە مەدرید، بۆ ئەوەی پزیشکانی یانەی ریال مەدرید چارەسەری بکەن و بۆ یارییەکانی داهاتووی یانەکە ئامادەی بکەن.
 
لە یاریی هەڵبژاردەی فەرەنسا و ئازەربایجاندا، کیلیان ئێمباپێ تووشی پێکانبوو و بەو هۆیەوە گۆڕانکاریی پێکرا، دوای یارییەکەش دیدێ دیشام، راهێنەری فەرەنسا گوتی "ئێستا پێویست بە هیچ نیگەرانییەک ناکات، لێدانێک لە پاژنەی پێیدا هەبووە، کە هەمان شوێنی پێکانی پێشووە، هەست بە هەندێک ئازار دەکات کە لەگەڵ پشوودان نامێنێت، بەڵام لە کاتی یارییەکان و بەرکەوتندا ئازاری پێدەگەیێنێت."
 
هەر بەهۆی ئەو پێکانەوە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا، دوورخستنەوەی کیلیان ئێمباپێی لە هەڵبژاردەکە راگەیاند و یاریزانەکە بەرامبەر ئایسلەندا یاریی ناکات و راستەوخۆ دەگەڕێتەوە مەدرید، ئەمەش لەسەر داوای یانەکە بووە بۆ ئەوەی دەستەی پزیشکی یانەکە پشکنینی بۆ بکەن و هەرچی زووە یاریزانەکە چارەسەر بکەن، بەتایبەت کە ریال مەدرید لەم مانگەدا دوو یاریی گرنگی لەپێشە، هەم بەرامبەر یوڤێنتوس لە چامپیۆنزلیگدا هەمیشە بەرامبەر بارسێلۆنا لە کلاسیکۆدا یاری دەکات.
 
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "یاریزانەکە پێکانەکەی مەترسیدار نییە و ئەگەری هەیە هەفتەی داهاتوو لەگەڵ یانەی ریال مەدرید دەست بە مەشق و راهێنان بکاتەوە."
 
بەر لە چوونی بۆ هەڵبژاردەی فەرەنسا، کیلیان ئێمباپێ لە یاریی بەرامبەر ڤیاریال لە لالیگادا هەستی بە ئازار کرد، بەو هۆیەوە بەشداریی لە یەکەم مەشقی هەڵبژاردەکەیدا نەکرد، بەڵام بەرامبەر ئازەربایجان یارییکرد و گۆڵێک و ئاسیستێکی هەبوو و لە خولەکی 83 بەهۆی ئازارەوە داوای گۆڕانکارییکرد.
 
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی دەڵێت "کیلیان ئێمباپێ پێکانەکەی قورس نییە و هەفتەیەک زیاتر ناخایەنێت و یاریزانەکە بۆ یاریی بەرامبەر خێتافی ئامادەدەبێت."


 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە