بارسێلۆنا لە جامی سوپەرەوە بۆ جامی شای ئیسپانیا

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا راسینگ سانتاندێر جامی شای ئیسپانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پاش بەدەستهێنانی نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، یانەی بارسێلۆنا هەوڵی گەیشتن بەقۆناخی شانزەی جامی شای ئیسپانیا دەدات.
 
یانەی بارسێلۆنا دوێنێ شەو یەکەم نازناوی ئەمساڵی بەدەستهێنا، پاشئەوەی لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیادا بە ئەنجامی 3 - 2 گۆڵ لە ریال مەدریدی بردەوە. بارسێلۆنا گەڕایەوە ئیسپانیا و ئامادەسازییەکانی بۆ یارییەکانی داهاتوو دەستپێدەکات.
 
بارسێلۆنا سبەی مەشقە ئامادەسازییەکانی دەستپێدەکاتەوە، لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی یانەی رایسینگ سانتاندێر لە قۆناخی شانزەی جامی شای ئیسپانیا.
 
میدیای ئیسپانیا، یارییەکەی نێوان هەردوو یانە بەسەرنجڕاکێش و کەمێک زەحمەت بۆ یانە کەتەلۆنییەکە ناودەبەن، ئەوەش بەهۆی ئاست و ئەنجامەکانی رایسینگ سانتاندێرەوە لە وەرزی ئەمساڵدا.
 
رایسینگ کە لە پلە دووی ئیسپانیا یارییدەکات، بەشێوازی یارییکردنەکەی سەرنجی هەمووانی راکێشاوە. خۆسێ ئەلبێرتۆ لۆپێز، راهێنەری ئەو یانەیە، بەشێوەیەکی هێرشبەرییانە و سەردەمییانەی نایاب یاریدەکات، ئەو یانەیە پێشەنگی خولی پلە دووی گرتووە، دوای ئەنجامدانی 21 یاری، 38 خاڵی کۆکردووەتەوە و بە هاوبەشی لەگەڵ لاس پاڵماس لە ریزبەندی یەکەمی ئەو خولەیە و لەڕێگەیە بۆ گەڕانەوە بۆ لالیگا.
 
رایسینگ بەسەرکردایەتیی هێڵە هێرشبەرییە نایابەکەی 45 گۆڵی تۆمارکردووە و 31 گۆڵی لێکراوە، ئاسیێر ڤیلالێبرێ 10 گۆڵی بۆ ئەو یانەیە تۆمارکردووە، ئەندرێس مارتنیش لەلایەکی دیکەوە 10 گۆڵی تۆمارکردووە و ئەنخێل ڤیسێنتێش 11 ئەسیستی کردووە.
 
رایسینگ سانتاندێر لە دوایین 10 یاریدا، تەنیا یەک جار تووشی شکشت بووە و رێژەی سەرکەوتنەکانی لە یاریگای خۆیدا دەگاتە 81٪، ئەم یانەیە لە قۆناخی پێشووی جامەکەدا بە سەرکەوتنی 2-1 بەرامبەر ڤیاڕیال هەمووانی سەرسام کرد، هێزی هێرشبەرییان و خۆڕاگریی بەرگرییان، وایکردووە ببنە بەهێزترین بەربژێر بۆ سەرکەوتن بۆ خولی پلەیەک و مەترسییەکی راستەقینە لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا.
 
بارسێلۆنا لە مێژووی 100 رووبەڕووبوونەوەیدا لەگەڵ رایسینگ سانتاندێر، خاوەنی 62 سەرکەوتنە، هەرچەندە دوایین سەرکەوتنی رایسینگ لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر بارسێلۆنا بۆ ساڵی 2004 دەگەڕێتەوە، بارسێلۆنای هانزی فلیک بەرێژەیەکی زۆر بەربژێرە بۆ بردنەوە، بەڵام ئاستە بەهێزەکەی رایسینگ وایکردووە چاوێکی زۆر لەسەر یارییەکە بێت.
 
رایسینگ سانتاندێر و بارسێلۆنا رۆژی پێنجشەممە لە کاژێر 23:00 بەکاتی باشووری کوردستان، لە یاریگای ئێل ساردینێرۆ رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە و رووبەڕووبوونەوەکە بەیەک یاریی ئەنجامدەدرێت، واتە چوون و هاتنی تێدا نییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە