رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە ئاتلێتیکۆ مەدرید، جارێکی دیکە لە قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، ئەو بەربەستە زەحمەتەیە کە پێویستە بارسێلۆنا بیبڕێت بۆ ئەوەی هەنگاوێکی دیکە لە پارێزگاریکردن لە نازناوی جامی شای ئیسپانیا نزیک ببێتەوە.
یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی کۆپا دێل رێی، لە مەدرید بەڕێوەدەچێت، بارسێلۆنا میوانە ئاڵۆزەکەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە و هەردوو تیپ دەیانەوێت هەنگاوی یەکەم بە باشترین شێوە تەواو بکەن بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا سوود لە ئەنجامی یارییەکە وەربگرن بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی.
بارسێلۆنا لەڕووی ئاست و ئەنجامەوە لە دۆخێکی زۆر باشدایە، لەسەر ئاستی ناوخۆ و ئەورووپا جێگەی ئومێدی زۆری هاندەرانیەتی، بەڵام بۆ ئەم یارییە پێکهاتەکەی کێشەی هەیە، لەکاتێکدا رافینیا، وەک یەکێک لە دیارترین و کاریگەرترین یاریزانەکانی پێکهاتەی فلیک بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، رۆژێک بەر لە یارییەکەش پێکانی مارکۆس راشفۆرد راگەیێنرا و ئەو یاریزانەش ئامادەنییە.
بارسا 6 یاریی رابردووی لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا بەسەریەکەوە بردووەتەوە، لە دوایین 18 یارییدا تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، یەکێک لەو سەرکەوتنانەی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید بووە و دەرچوون لە یارییەکەی ئەمشەودا بەبێ دۆڕان بۆ ئەوان ئەنجامێکی دڵخۆشکەرە بۆ ئەوەی لە یاریی گەڕانەوەدا سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لەم وەرزەدا لە دۆخێکی ناجێگیردایە، لە یارییەکدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوێت و لە یاریی دوای ئەوە وەک ئەوەیە ئەو رۆخی بلانکۆسە نەبووبێت، ئەوان لە قۆناخی هەشتی جامی شادا پێنج گۆڵیان لە ریال بێتیس کرد، بەڵام چوار رۆژ لەمەوبەر لە لالیگادا لەنێو یاریگەیان خۆیان بە هەمان تیپ دۆڕان، جگە لەوەش تیپەکە لە دوایین چوار یارییدا تەنیا یارییەکی بردووەتەوە.
ئەوەی بۆ سیمیۆنی خەمێکی گەورەیە لە یارییەکەدا، یاریی نەکردنی پابلۆ باریۆسە، کە یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی لوچۆ و ئەمشەو ناتوانێت هاوکاریی هێڵی ناوەڕاستی تیپە مەدریدییەکە بکات.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە 4 یاریی رابردوودا هیچ یارییەکی لە بارسێلۆنا نەبردووەتەوە، دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی نیوەی یەکەمی چیرۆکی پێشکۆتایی لە مەدرید تەواو بکات و کاتێک دەچێتە بارسێلۆنا بە ئارامییەوە یاریی بکات، بەڵام ئەرکی ئاسان نییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ