لیۆنێل مێسی تووشی پێکان بوو

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی راگەیێندراوێکی پزیشکیی سەبارەت بە کاپتنی تیپەکە، لیۆنێل مێسی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاشکرایکرد کە ناوبراو لە مەشقەکانی دوێنی چوارشەممەی تیپەکە دابڕاوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کاتی یاریی تیپەکەی بەرامبەر یانەی بارسێلۆنای ئێکوادۆری لە وڵاتی ئێکوادۆر تووشی پێکان بوو.
 
یانەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا لەڕێگەی ماڵپەڕی ئەلیکترۆنیی خۆیەوە روونیکردەوە کە یاریزانەکە لە چەند کاژێری رابردوودا پشکنینی پزیشکیی زیاتری بۆ ئەنجام دراوە، بەمەبەستی زانینی جۆری پێکانەکەی، بڕیاریشە کاتی گەڕانەوەی بۆ مەشقەکان بەگوێرەی بەرەوپێشچوونی باری جەستەیی لەرۆژانی داهاتوودا دیاری بکرێت.
 
لە راگەیێنراوەکەدا جەخت کراوەتەوە کە مێسی تووشی گرژبوونی ماسوولکە بووە لە ژێیەکانی ئەژنۆی چەپیدا Hamstring، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی نەتوانێت بەشداری لە مەشق و راهێنانە بەکۆمەڵەکانی تیپەکەدا بکات.
 
یانەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە گەڕانەوەی کاپتنی تیپەکە بۆ مەشقەکان هەنگاو بە هەنگاو دەبێت، ئەمەش بەپێی بارودۆخی تەندروستی و توانای جەستەیی لە ماوەی داهاتوودا، بەبێ ئەوەی هیچ کاتێکی فەرمی بۆ گەڕانەوەی دیاری بکرێت.
 
ئەم پێکانەی مێسی بووە هۆکاری ئەوەی یانە ئەمریکییەکە نەتوانێت بۆ یارییەکی دۆستانە سەردانیی پۆرتۆریکۆ بکات و یارییەکە هەڵوەشێنرایەوە، بەو بۆنەیەوە مێسی لە پەیامێکدا داوایلێبوردنی لە پۆرتۆریکۆییەکان کرد..
 
ئەمە پەیامەکەی لیۆ مێسییە:
 
سڵاو بۆ هەمووتان، دەمویست ئەم پەیامە بنێرم بۆ خەڵکی پۆرتۆریکۆ، ئەوانەی ئامادەی مەشقەکان دەبوون یان یارییەکە.
 
لەڕاستیدا، لە دوایین یاریم لە ئیکوادۆر، هەستم بە ئازاری ماسوولکەکان کرد، بۆیە پێش کۆتاییهاتنی یارییەکە داوای گۆڕانکاریم کرد. دواتر بەڕێککەوتن لەگەڵ رێکخەران و یانەکە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی یارییە دۆستانەکەی پۆرتۆریکۆ درا.
 
هیوادارم بتوانرێت دووبارە خشتەیەک بۆ یارییەکە دابنرێتەوە، و بتوانین بەم زووانە بتانبینین و سەردانتان بکەین. خۆشەویستی زۆرم بۆتان دەنێرم و سوپاستان دەکەم بۆ خۆشەویستیتان، چونکە دەزانم هەموو بلیتەکان فرۆشراون. پشتیوان بەخو یەکدی دەبینین و هیوادارین لە کاتێکی دیکەدا ئەوە رووبدات. باوەشێکی گەورەتان بۆ دەنێرم، هیوای باشیتان بۆ دەخوازم. ماڵئاوا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە