رووداو - هەولێر
یانەی بارسێلۆنا بەمەبەستی ئامادەکاریی بۆ دەستپێکی وەرزی نوێی خولەکانی ئەوروپا و لالیگا، ئەمڕۆ یارییەکی دۆستانە بەرامبەر بە یانەی خیمانستیک دەکات .
ئەم یارییە لە کاژێر 20:00 لە یاریگەی یۆهان کرۆیف ئارێنا دەکرێت، کە تێیدا یانەی بارسێلۆنا بەبێ ئامادەبوونی هەریەکە لە لویس سوارێز و ئارتورۆ ڤیدال یارییەکە دەکات، ئەمەش گومانەکانی زیاترکردوون کە ئەو دوو یاریزانە لە ریزەکانی یانە کەتەلۆنییەکە نامێنێنن.
بڕیاری دوورخستنەوەی ڤیدال و سوارێز بڕیاری رۆناڵد کۆمانی راهێنەر بووە، ئەمەش بەپێی میدیای کەتەلۆنی، دوایین یاریی ئەو دووانەش بەرامبەر بە یانەی بایرن میونشن بوو لە خولی یانە پاڵەوانەکان.
بەپێی میدیاکانبێت هۆکاری دوورخستنەوەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو دوو یاریزانە درەنگ پەیوەندییان بە مەشقەکانی یانەی بارسێلۆناوە کردووە، بەڵام لیۆنێل مێسی بانگهێشتکراوە کە زۆر دوای ئەو یاریزانەش گەڕایەوە بۆ مەشقەکان.
لویس سوارێز لەم ماوەیەی پێشوودا ناوی بە یانەی یوڤێنتوسی ئیتالییەوە بەسترابووەوە، ئارتورۆ ڤیدال بە یانەی ئینتەرمیلانەوە.




