رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی گانا رایگەیاند، دۆمینێک فریمپۆنگی هێرشبەری باڵی یانەی بیریکۆم چێڵسی، لە کردەیەکی هەڵکوتانە سەر پاسی یانەکە گیانی لەدەستداوە.
فیدراسیۆنەکە ئاشکرایکردووە، پاسی یانەکە لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەمەبەستی دزی، هەڵکوتراوەتە سەری و بەهۆیەوە فریمپۆنگ کوژراوە.
پاسی یانەکە لە رێگەی گەڕانەوەدابووە لە یارییەکی خولی نێوخۆیی وڵاتەکە لە دژی یانەی سامارتێکس سامریبۆی، کاتێک رووداوەکە روویداوە.
لای خۆیەوە یانەی بیریکۆم چێڵسی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێ، لە رێگەی گەڕانەوەمان لە بێریکۆم لە سامریبۆی، پاسی تیپەکەمان رووبەڕووی هێرش لەلایەن ژمارەیەک دز بووەوە و رێگەی رۆیشتنیان لە پاسی تیپەکە داخست.
یانەکە هەروەها دەڵێ، پاش رێگرتنیان لە پاسەکە، ژمارەیەک چەکداری دەموچاو پێچراو کە چەکیان پێبوو، دەستیانکرد بە تەقەکردن لە پاسی یانەکەمان و لە کاتێکدا شۆفێری پاسەکە هەوڵیدەدا بەگەڕانەوە بۆ دواوە، تیپەکە لە کارەسات رزگاربکات، یاریزانان و راهێنەرانی یانەکە لە پاسەکە دابەزین و رایانکرد و روویان لە دارستانە نزیکەکانی ناوچەکە کرد، لەپێناو خۆ رزگارکردن لە تەقەی زۆری چەکدارەکان.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی غانا دەڵێ، فریمپۆنگی تەمەن 20 ساڵان، بەهۆی بەرکەوتنی تەقەی چەکدارەکان، گیانی لەدەستداوە.
فریمپۆنگ وەک راگەیێنراوە، فیشەک بەر سەری کەوتووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە.
فیدراسیۆنەکە هەروەها دەڵێ، هەست بەشۆک و خەمبارییەکی گەورە دەکەین، هەواڵەکە شۆکهێنەرە بۆ هەمووان.
هەروەها دەڵێ، دۆمینیک، بەهرەمەندێکی گەورەی یانەکە بوو، خاوەنی جەستەیەکی بەهێز و ویستی زۆری بردنەوە بوو.
فیدراسیۆنەکە دەڵێ لەمەودوا رێوشوێنی گەشتی تیپەکان لە خولی نێوخۆی وڵاتەکە تووندوتۆڵتر و پارێزراوتر دەکەین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ