رووداو دیجیتاڵ
چوار منداڵی کورد کە لە ئەکادیمیایەکی نێودەوڵەتیی شاری سلێمانیی یاریی دەکەن، لەلایەن یانەی هۆیسکای ئیسپانییەوە بەفەرمی بانگهێشتکران.
ئەکادیمیای FFA ـی نێودەوڵەتی لە شاری سلێمانی، کە تایبەتمەندی پێگەیاندنی یاریزانانی لاوە، بە تیپێکی 12 یاریزانیی کوردەوە، بەشداری لە پاڵەوانێتیی 'MIC'ی فەرمی کرد و لەو پاڵەوانێتییەدا، چوار یاریزانی ئەکادیمیاکە بوونە جێگەی سەرنجی راهێنەرانی یانەی هۆیسکا.
بابان ئەحمەد، بەڕێوبەری ئەکادیمیای FFA ـی نێودەوڵەتی بە 'رووداو سپۆرتس'ی راگەیاند، "تیپی ئەکادیمیاکە، ماوەی دوو هەفتەیە لە ئیسپانیا و لەشاری بەرشەلۆنە لە پاڵەوانێتی 'MIC'ی نێودەوڵەتی بەشدارییکرد و توانییان، لە قۆناخی کۆمەڵەکان بە پلەی یەکەم سەربکەون و لە قۆناخی هەشتی پاڵەوانێتییەکە بەرامبەر دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێس ماڵئاواییان کرد".
پاڵەوانێتیی 'میک'ی نێودەوڵەتی، پاڵەوانێتییەکی ئاستی تەمەنە جیاوازەکانە و سەرجەم یانە بەهێزەکانی خولە گەورەکانی ئەوروپا بەشداریدەکەن.
بابان روونیکردەوە، دوای چوونە دەرەوەی تیپی ئەکادیمیاکە لە پاڵەوانێتییەکە، راستەوخۆ چوار یاریزانی تیپەکە لەلایەن یانەی هۆیسکای ئیسپانییەوە داواکران.
ئەو دەڵێ، هەریەک لە ئەلەند شاخەوان، زەید سەفا، بەمۆ بەهمەن و دیاکۆ بژار بەفەرمی لە هەڵسەنگاندنی یانە ئیسپانییەکەن، ئەوان ئێستا ناویان تۆمارکراوە لە خولی ئیسپانی لە یانەی هۆیسکای سەر بە هەرێمی ئاراگۆن مەشق دەکەن.
زیاتر روونیدەکاتەوە، تەنانەت ئەمڕۆ ئەو چوار یاریزانە لەگەڵ تیپی هۆیسکا، بەشدارییان لە یارییەکی فەرمیی خولی خوار دوانزە ساڵان کرد و 4-1 یارییەکەیان لە تیپی لۆس مۆلینێس یودی بردەوە، زەید سەفا دوو گۆڵ و دوو ئەسیستی بۆ یانەکە کرد.
بابان ئەحمەد، دەڵێ ئەو چوار یاریزانە کوردە، ڤیزاکانیان تاوەکو 20ی ئەم مانگە دەبێت
بابان بۆ رووداو سپۆرتسی ئاشکراکرد کە یانەی هۆیسکا، سەرسامیی خۆی بە چوار مێرمنداڵە کوردەکە پێشانداوە، لە ئەگەری گرێبەستکردنی لەگەڵیان، ئەوکات بۆ وەرزی داهاتوو، بەیەکجاریی دەچنە ئیسپانیا و هەرێمی ئاراگۆنا.
بایۆگرافی یاریزانەکان:
زەید سەفا لەدایکبووی 2014ی کەلارە و یاریزانی هێڵی ناوەڕاستە.
بەمۆ بەهمەن ساڵی 2014 لە سلێمانی لەدایکبووە و هێرشبەرە.
ئەلەند شاخەوان لە دایکبووی 2014ی چوارقوڕنەیە و هێرشبەرە.
دیاکۆ بژار 2014 لە هەڵەبجە لەدایک بووە و بەرگریکارە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ