رووداو دیجیتاڵ
چەند رۆژێکی کەم بەر لە دەستپێکردنی رکابەرییەکانی جامی ئەفریقا، پشێوی و رووداوی سەیروسەمەرە روویاندا، کامیرۆن رایگەیاند بە دوو هەڵبژاردەی جیاواز بەشداریی لە جامەکە دەکات.
بڕیارە رۆژی 21ی ئەم مانگە، رکابەرییەکانی جامی ئەفریقا لە مەغریب بەبەشداریی 24 هەڵبژاردە کە بەسەر شەش کۆمەڵەدا دابەشکراون، دەستپێبکات.
بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانێتییەکە، فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆن، خۆی لە نێو پشێوی و بێسەروبەرییەکی زۆردا بینییەوە، بەهۆی ئەو جەنگەوە کە ساموێل ئیتۆی سەرۆکی هەڵگیرساند.
ئیتۆ کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، ساڵڕۆی چوارەمی بوو لە سەرۆکایەتی فیدراسیۆنەکەدا، دوژمنایەتییەکی تووندی لەگەڵ مارک برێسی راهێنەری هەڵبژاردەکەدا بەرپا کردووە، لە کاتێکدا ئەو راهێنەرە، بەبڕیاری فیدراسیۆنەکەی ئیتۆ بۆ دوورخستنەوەی، رازی نییە.
راهێنەرە بەلجیکییەکە هێشتا بەفەرمی لە پۆستەکەی دوورنەخراوەتەوە و تاوەکو مانگی نۆی ساڵی 2026 گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی وەرزشی وڵاتەکەدا هەیە، ئەگەرچی ئیتۆ پێشتر پێیڕاگەیاندووە کە کارەکەی لەگەڵ هەڵبژاردەکە کۆتایی هاتووە.
ئەو ناکۆکی و دژایەتییە، سەری کێشا بۆ پشێوی و شێرازە تێکچوونی هەڵبژاردەکە و رای گشتیی کامیرۆنیش، بەتایبەت پاشئەوەی هەڵبژاردە ئەفریقییەکە بەشداریکردنی لە پاڵەوانێتییەکە بە دوو هەڵبژاردەی جیاواز راگەیاند.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی کامیرۆن بەسەرۆکایەتیی ئیتۆ، پێکهاتەیەکی لە 28 یاریزان بۆ بەشداریکردن لە جامی ئەفریقا راگەیاند. فیدراسیۆنەکە هەروەها بڕیاریدا داڤید باگۆ بە راهێنەری هەڵبژاردەکە دەستنیشان بکات.
باگۆ کە لەسەر ماڵپەری فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتیش بە راهێنەری هەڵبژاردەکە دەستنیشانکرا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیی سازکرد و باسی لە خەونەکانی هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییەکە کرد و دەستەی یاریدەدەرەکانی خۆیشی دەستنیشانکرد.
ئەو لیستەی یاریزانە بانگهێشتکراوەکان کە ئیتۆ رایگەیاندووە بۆ بەشداریکردن لە جامی ئەفریقا، دوورخستنەوەی هەریەکە لە ئاندرێ ئۆنانای گۆڵپارێز و ئیریک چۆبۆ مۆتینگی هێرشبەر و ڤینسینت ئەبوبەکری گۆڵکەری ئێستای هەڵبژاردەکەی بەخۆوە بینی.
میدیای ئینگلتەرا ئاشکرایانکرد، ئیتۆ بۆیە ئەبوبەکری هێرشبەری لە لیستی هەڵبژاردەکە دوورخستووەتەوە، چونکە نایەوێت ژمارە پێوانەییەکەی وەک گۆڵکەری مێژوویی هەڵبژاردەکە بشکێنێت. ئەبوبەکر 12 گۆڵی دیکەی پێویستە بۆ بوون بە گۆڵکەری مێژوویی هەڵبژاردەکە.
دۆخەکە لەناکاو گۆڕا، کاتێک چوارشەممەی پێشوو، بریسی راهێنەری دەستنیشانکراو لەلایەن وەزارەتی وەرزشی وڵاتەکەوە، بەردەوامبوونی خۆی لە مەشقدانی هەڵبژاردەی وڵاتەکە راگەیاند و لیستی هەڵبژاردەکەی بۆ جامەکە ئاشکراکرد، کە لەنێویاندا ئۆنانا، ئەبوبەکر و چۆبۆ مۆتینگ هەن.
راهێنەرە بەلجیکییەکە لە لێدوانی میدیاییدا گوتی، هەموو کات ئامانجی ئیتۆ دوورخستنەوەی من بوو بە خێرایی. ئەو لە یەکەم ساتەوە سووکایەتی بەمن کرد، بەڵام من رکابەرێکی گەورەی ئەو بووم.
ئەو راهێنەرە هەروەها رووپاتیکردەوە کە "ئیتۆ ئەو سێ یاریزانەی دوورخستووەتەوە لەبەرئەوەی خۆی بڕیاریداوە، بەڵام پرسیار ئەوەیە چۆن هەڵبژاردەیەک دەچێتە جامی ئەفریقا بەبێ ئۆنانای گۆڵپارێزی جیهانی و ئەبووبەکر کە گۆڵکەری ئێستای هەڵبژاردەکەی؟ ئەوە کارێکی باوەڕپێنەکراوە، بەڵام من پێی شۆک نەبووم، چونکە ئەوە بڕیاری کەسێکی خۆپەرستە، کە خۆی بەباشترین دەزانێت".
ئەو راهێنەرە هەروەها دەڵێ، "تاوەکو بڕیارێکی لە سەرۆکایەتیی کۆماری کامیرۆنەوە دەرنەچێت و نەڵێ داڤید باگۆ بووەتە راهێنەری کامیرۆن، مارک برێس لەچاوی کامیرۆنییەکانەوە هەر راهێنەری هەڵبژاردەکەیە و ئەوە هیچ مشتومڕێک هەڵناگرێت".
ئیتۆی 44 ساڵان، پێشتر ناکۆکیی خۆی لەگەڵ بریس راگەیاندبوو و دووپاتیکردبووەوە تاوەکو ئەو لە سەرۆکایەتیی فیدراسیۆنەکەدا بێت، نایەوێت کار لەگەڵ ئەو راهێنەرە بکات.
ئیتۆ پێشتر یواکیم مونگانای یاریدەدەری بریسی لە پۆستەکەی دووخستبووەوە، هەر بۆیە ئەو راهێنەرە هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوەی کرد، بەڵام دواتر لە پۆستەکەی بەردەوامبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ