عەدنان درجال: یارییەکەی عێراق لە پاشکۆی مۆندیالی 2026 لە کاتی خۆیدا دەکرێ
رووداو دیجیتاڵ
عەدنان درجال، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق رایگەیاند، یاریی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە پاشکۆی جیهانی بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026، لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا و لە کۆتایی ئەم مانگەدا بەڕێوەدەچێت.
رۆژی شەممە 14-03-2026 درجال لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتییەکە رایگەیاند: "ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ یەکێتیی تۆپی پێی جیهانی (FIFA) و یەکێتیی ئاسیا. یارییەکەمان بەرامبەر براوەی یاریی بۆلیڤیا و سورینام، لە رۆژی 31ـی ئاداری 2026 لە شاری مۆنتێری لە مەکسیک دەکرێ و کاتەکەشی جێگیر کراوە."
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی ئەو بارودۆخە نائاساییەی لە 28ـی شوباتەوە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دروست بووە، رۆژی 9ـی ئادار هەموو کێشەکانیان بۆ فیفا روون کردووەتەوە. درجال گوتی: "جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا رێنمایی داوە کە هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ بکرێت بۆ تێپەڕاندنی گرفتەکان، ئێمە کۆتایی ئەم هەفتەیە بەرەو مەکسیک بەڕێ دەکەوین."
بەپێی گوتەی درجال، باڵیۆزخانەی مەکسیک ئاسانکاریی بۆ وەرگرتنی ڤیزا کردووە. یاریزانە ناوخۆییەکان پێکەوە لەگەڵ عەلی جاسم لە بەغداوە بەڕێ دەکەون، یاریزانە پیشەگەرەکانی ناوخۆی ئیمارات و ئاسیا، زەید تەحسین و رێبین سولاقا و ئەوانەی ئەورووپاش، لە شاری مۆنتێری پەیوەندی بە شاندەکەوە دەکەن.
عەدنان درجال ئاشکرای کرد، بەهۆی جەنگەکەوە نەیانتوانیوە "پلانی یەکەم" کە کەمپێکی مەشق و راهێنان بوو لە شاری هیوستن لە ئەمریکا جێبەجێ بکەن، بەڵام ئێستا "پلانی دووەم" بە وردی جێبەجێ دەکەن.
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق لە کۆتایی پەیامەکەیدا گوتی: "تەنیا 17 رۆژمان لەبەردەم ماوە بۆ ئامادەکاریی تەواو. دەبێت یاریزانەکان لە کەشی جەنگ دوور بکەونەوە و تەنیا سەرنجیان لەسەر بەدەستهێنانی بلیتی مۆندیال بێت، تاوەکو ئەو ئومێدە بۆ گەلی عێراق بەدی بهێنین کە لە ساڵی 1986ـەوە چاوەڕێی دەکەن."
هەڵبژاردەی عێراق ماوەیەکی زۆرە خەریکی یارییەکانی پاڵاوتنی جامی جیهانیی 2026ـە. دوایین یاریی عێراق لەو پاڵەوانێتییە بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیمارات لە 18-11-2025 بەڕێوەچوو، تێیدا عێراق 2-1 بردییەوە.
هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر براوەی بۆلیڤیا و سوورینام یاری دەکات، ئەو یارییە بباتەوە راستەوخۆ دەچێتە مۆندیال.
عێراق، ئەگەر سەربکەوێت بۆ مۆندیال لە کۆمەڵەیەکی قورسی جامی جیهانییە. گرووپی عێراق (I)ـە و هاوشانی هەرسێ هەڵبژاردەی فەرەنسا، سەنیگال و نەرویج یاری دەکات.