رووداو دیجیتاڵ
پێشبینییەکی خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا، لەبارەی کاریگەریی نێگەتیڤی چوونی کیلیان ئێمباپێ بۆ یانەی ریال مەدرید، بووەتەوە مانشێتی رۆژنامەکانی جیهان، لە کاتێکدا ریال مەدرید نزیکە لەوەی ماڵئاوایی لە وەرزی ئەمساڵی چامپیۆنزلیگ بکات.
ریال مەدرید سبەی لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، رووبەڕووی بایرن میونشنی ئەڵمانی دەبێتەوە، لەسەر یاریگەی ئالیانز ئەرێنا، لە کاتێکدا یاریی چوونی لە نێو یاریگەی خۆی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک دۆڕاندووە.
ریال مەدرید، هەینی پێشوو، بەتەواوی لەلەدەستدانی نازناوی لالیگای ئەمساڵ نزیکبووەوە، پاشئەوەی بەرامبەر جیرۆنا بەگۆڵێک یەکسانبوو و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ بارسیلۆنای پێشەنگ بۆ نۆ خاڵ بەرزبووەوە، لە کاتێکدا خولەکە تەنیا حەوت گەڕی ماوە.
ریال مەدرید ئەمساڵ بەدەست ژمارەیەکی زۆر کێشەی جیاوازەوە دەناڵێنێت. تیپەکە وێڕای گۆڕینی راهێنەر و دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ و هاتنی ئەلڤارۆ ئەربێلوا، بەئاستێکی لاوازەوە دەردەکەوێت و بەشی زۆری گلەییەکان لە ئاستی تیپەکە، ئاراستەی یاریزانانە و سەرچاوەکان باس لە بوونی ناکۆکی، لە ژووری جلگۆڕینی تیپەکەدا دەکەن.
کیلیان ئێمباپێ، یەکێکە لەو ئەستێرانەی بەهۆی ناسەقامگیریی لە ئاست و دەرنەکەوتنی لە دۆخە هەستیارەکانی یانەکە، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە.
ئاستە دڵنیایی نەبەخشەکەی ئێمباپێ، وایکردووە میدیای ئیسپانیا و سۆشیال میدیای ئەو وڵاتە، هەڵوەستە لەسەر لێدوانێکی سێ ساڵ لەمەوپێشی لاپۆرتا بکەن کە پێشبینی دەکات، چوونی ئەو یاریزانە بۆ ریال مەدرید، کێشە لە ژووری جلگۆڕینی تیپەکەدا دروست بکات.
کیلیان، لە دوای چوونیەوە بۆ ریال مەدرید لە هاوینی 2024، تاوەکو ئێستا تەنیا نازناوی جامی سوپەری ئەورووپای لەگەڵ یانەکەدا بەدەستهێناوە.
کیلیان ئەگەرچی لە دوای پەیوەندیکردنی بە ریال مەدرید لە 96 یاریدا، 83 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام بەرزونزمیی ئاست و دابڕانی بەهۆی پێکانەوە، هەروەها نەبوونی لێکتێگەیشتنی تەواو لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر، وایکردووە رووبەڕووی رەخنەی زۆر ببێتەوە لەلایەن هاندەرانی یانەی ریال مەدریدەوە.
دۆخە خراپەکەی ریال مەدرید لە وەرزی ئەمساڵدا، وایکردووە جارێکی دیکە مشتومڕ لەسەر کاریگەریی نێگەتیڤی کیلیان ئێمباپێ لە تیپەکەدا سەرهەڵبداتەوە. هەروەها ئەو لێدوانانەی لاپۆرتا جارێکی دیکە بەبەرفراوانی بڵاوبکرێنەوە، کە پێشبینی کێشەی کردووە لە ریال مەدرید، لە کاتی چوونی ئەو یاریزانە.
لاپۆرتا هاوینی 2024 دەڵێ، رۆیشتنی کیلیان بۆ ریال مەدرید، هیچ سوودێکی بۆ یانەکە نابێت.
ئەو سەرۆکە، لە لێدوانی بۆ رۆژنامەی 'مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ' کاتێک لێی دەپرسن ئیرەیی نابەیت بە چوونی کیلیان بۆ ریال مەدرید؟ ئەو دەڵێ، "هەست بەئیرەیی بکەم؟ نەخێر بەهیچ شێوەیەک".
ئەو هەروەها گوتبووی، "هەستێکم هەیە کە لەوێ کێشە دروست دەبێت. ئەوان دەبێ ئەگەر ئێمباپێ چوو، یاریزانێک بفرۆشن، وانییە؟ لەبەرئەوەی دوو یاریزانی دیار و ئەستێرە، ناتوانن لە هەمان شوێن یاریی بکەن".
لاپۆرتا هەر بەوەندەوە نەوەستا و زیاتر دەڵێ، "بەلەربەرچاوگرتنی لایەنی دارایی، هاتنی ئەو یاریزانە کاریگەریی لەسەر ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید دروستدەکات".
ئەگەرچی ئەوکات هاندەرانی ریال مەدرید، لێدوانەکانی لاپۆرتایان بەگاڵتە وەڵامدایەوە و هێرشیان کردە سەری، بەڵام کێشەکانی ئەمساڵی ژووری جلگۆڕینی یانەکە، وایکردووە ئێستا هاندەران بڵێن، پێشبینییەکانی لاپۆرتا راستدەرچوون.
رۆژنامەی 'سپۆرت' دەڵێ، ریال مەدرید لە دوای قسەکانی لاپۆرتاوە هیچ یاریزانێکی لە هێڵی پێشەوە نەفرۆشت، تیپەکەش رووبەڕووی ناهاوئاهەنگیی بووەتەوە لە هێڵەکانی پێشەوەی، ئاستی ڤینیسیۆس و ئێمباپێ بەپێی پێویست نەبوو و ئەوەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە ئەو دوو یاریزانە ناتوانن پێکەوە و لە یەک کاتدا لە یاریگەدابن، چونکە رەنگدانەوەی نێگەتیڤی لەسەر سەقامگیریی تیپەکە دەبێت.
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، هاتنی کیلیان بۆ ریال مەدرید، تەنانەت کاریگەریی لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یانەکە دروستکردووە.
'سپۆرت' ئاشکرایکردووە، بەهۆی بەرزیی مووچەی کیلیانەوە، ڤینی داوای زیادکردنی بەرچاوی مووچەکەی دەکات و ئەوەش ئەو کارەیە کە تاوەکو ئێستا، رێگربووە لەبەردەم نوێکردنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ