فلیک بەر لە یاریی ئاتلێتیکۆ مەدرید سوپرایزێکی هەیە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن هانزی فلیک ئاتلێتیکۆ مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا سوپرایزێکی خۆشی بۆ هاندەرانی بارسێلۆنا راگەیاند و ئامادەیی دووانەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ یارییە گرنگەکەی ئەمشەوی چامپیۆنزلیگی پشتڕاست کردەوە.
 
حاڵەتێکی نادیار باڵی بەسەر یانەی بارسێلۆنادا کێشاوە پێش رووبەڕووبوونەوەی ئاتلێتیکۆ مەدرید لە گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بەو پێیەی هێشتا مشتومڕ لەسەر ئەوە هەیە کێ دەبێتە هاوبەشی گونجاوی پێدری لە هێڵی ناوەڕاستدا.
 
فرێنکی دی یۆنگ دوای دابڕانێکی درێژ، لەم دواییانەدا لە یارییەکەی ئیسپانیۆل گەڕایەوە، بەڵام تەنیا 10 خولەک یاری کرد و هێشتا بەتەواوی نەگەیشتووەتە ئاستی ئامادەیی تەواو، ئەمەش وایکردووە بڕیاری بەشداریکردنی بەشێوەی سەرەکی هێشتا یەکلا نەبێتەوە.
 
لە لایەکی دیکەوە، دۆخی مارک بێرنال ئاڵۆزترە، دوای ئەوەی بەبێ وەرگرتنی مۆڵەتی تەواوی پزیشکی گەشتی مەدریدی کردووە، هەروەها جەخت لەوە دەکرێتەوە کە هەلی چاکبوونەوەی لە کاتی گونجاودا زۆر کەمە.
 
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، پشتڕاستی کردەوە کە دی یۆنگ لەڕووی جەستەییەوە لە بێرنال باشترە و روونیکردەوە کە یاریزانە هۆڵەندییەکە چانسی زیاتری هەیە بۆ ئەوەی بەشێوەی سەرەکی یاری بکات، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەداوە و راستەوخۆ پێش دەستپێکردنی یارییەکە هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکات.
 
سەبارەت بە بێرنال، فلیک ئاماژەی بەوەکرد کە دۆخی هێشتا جێگیر نییە و بەشداریکردنی بەشێوەی سەرەکی کارێکی سەختە، هەروەها ئەگەرێکی لاوازیش هەیە بۆ ئەوەی چەند خولەکێک یاری بکات ئەگەر بەتەواوی ئامادە نەبێت.
 
لە کاتێکی وەهادا، ناوی گاڤی وەک بژاردەیەکی جێگرەوەی گرنگ لە هێڵی ناوەڕاستدا دەدرەوشێتەوە، دوای ئەو ئاستە بەرزەی لە دوایین یارییدا وەک یاریزانی سەرەکی بەرامبەر ئیسپانیۆل پێشکەشی کرد، کە تێیدا ئامادەیی جەستەیی و دەروونیی نایابی خۆی نیشاندا.
 
چاوەڕوان دەکرێت فلیک پاش دوایین یەکەی مەشق و راهێنان بڕیاری کۆتایی بدات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەستەی تەکنیکی حساباتی ورد دەکات پێش ئەنجامدانی یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی وەرز لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپادا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە