کاپتنە کوردەکەی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران، ماڵوموڵکەکەی وەرگرتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران زەهرا قەنبەری جەنگی ئەمریکا - ئیسرائیل و ئێران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئاشکرایکردووە، دەسەڵاتدارانی وڵات، ماڵوموڵکەکەی زەهرا قەنبەری، کاپتنی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێرانیان رادەستی خۆی کردووەتەوە، پاشئەوەی ماوەیەک دەستیبەسەرداگیرابوو، بەهۆی داواکاریی مافی پەنابەریی ئەو یاریزانە، لە ئوسترالیا.
 
قەنبەری، یەکێکبوو لەو شەش یاریزانەی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران و راهێنەرانی هەڵبژاردەکە، کە مانگی پێشوو، لە ئوسترالیا داوای مافی پەنابەرییان کرد، بەرلەوەی ئەو لە داواکەی پاشگەزببێتەوە و بگەڕێتەوە ئێران.
 
داواکاریی مافی پەنابەریی یاریزانەکانی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران، لەکاتی شەڕی نێوان ئیسرائیل - ئەمریکا و ئێران بوو.
 
قەنبەری و پێنج یاریزانی دیکەی هەڵبژاردەکە، لە داواکاریی مافی پەنابەرییەکە پاشگەزبوونەوە و بەیاوەریی تیپەکە گەڕانەوە ئێران و رۆژی 19ی مانگی سێ لە تاران، پێشوازییەکی نموونەییان لێکرا.
 
ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسی، لە زاری  بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانیان گواستووەتەوە، "ماڵوموڵک و پارەکانی زەهرا قەنبەری، یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی ئێران کە دەستیان بەسەرداگیرابوو، بەبڕیاری دادگا ئازادکران و درانەوە ئەو یاریزانە".
 
بەرپرسەکانی دادوەریی ئێران زیاتر گوتوویانە، ئەو رێوشوێنە پاشئەوە گیرایە بەر کە ئەو کاپتنە "بێتاوانیی خۆی و پاشگەزبوونەوەی لە پاش گۆڕینی هەڵسوکەوتەکانی" راگەیاند.
 
راگەیاندنەکەی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، پاش دوو رۆژ لەو هەواڵە دێت کە میدیای ئێران بڵاویانکردەوە و ئاشکرایانکردبوو، لیستێک لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرچووە، بەناوی ئەو "خیانەتکارانە"ی، لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا - ئیسرائیلەوە خیانەتیان لە وڵاتەکە کردووە و سەرجەم ماڵوموڵکەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە.
 
ناوی زەهرا قەنبەری لەنێو لیستە ئاشکراکراوەکەدابوو و هێشتا روون نییە چۆن وا بەخێرایی ناوی ئەو کاپتنە لە لیستەکە دەرهێنراوە و ماڵوموڵکەکەی دراوەتەوە.
 
زەهرا قەنبەری لەدایکبووی ساڵی 1992ی شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و کوردە. یاریزانی یانەی پێرسپۆلیس بووە و پێشتر لە یانەی غازی باکووری شاری کەرکووک یارییکردووە. 
 
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یاریگەدا هەیەتی و زۆریی ئەو گۆڵانەی تۆماریان دەکات، لە ئێران بە 'خانمی گۆڵ' بەناوبانگە.
 
هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران، رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە لە نێوخۆی ئێران، پاشئەوەی یاریزانانی هەڵبژاردەکە، لە یاریی یەکەمیان لە جامی نەتەوەکانی ئاسیا بۆ ئافرەتان، سروودی نیشتمانیی وڵاتەکەیان نەگوتەوە، بەرلەوەی لە یارییەکانی دواتردا سروودەکە بڵێنەوە.
 
کاپتنی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران، یەکێکبوو لەو یاریزانانەی لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی هەڵبژاردەکە بۆ ئێران، سەرنجی زۆری خرایە سەر.
 
لە کۆی سەرجەم ئەندامانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئافرەتانی ئێران، تەنیا دوو یاریزان لە ئوسترالیا مانەوە و مافی پەنابەرییان پێدرا و پەیوەندییان بە مەشقەکانی یانەی برێزبین رۆرەوە کرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە