داواکارییەکەی دەمیرتاش هاتەدی؛ ئامەدسپۆر و ترابزۆن سپۆر یاری دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
داواکارییەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش بۆ رێکخستنی یارییەکی دۆستانە لەنێوان ئامەدسپۆر و ترابزۆن سپۆر دێتەدی.
سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە زیاتر لە 9 ساڵە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنەی تورکیا لە زینداندایە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا پێشنیازی کرد، بۆ پشتگیریکردن لە پرۆسەی چارەسەری، یارییەکی دۆستانە لەنێوان یانەکانی ئامەدسپۆر و ترابزۆن سپۆر لە ئامەد رێکبخرێت.
داواکارییەکەی دەمیرتاش دێتەدی و بڕیارە هەردوو یانەی تۆپی پێی خانمانی ئامەدسپۆر و ترابزۆن سپۆر یارییەک بکەن.
یارییەکە کاژێر 14:00ـی رۆژی شەممە، 22ـی تشرینی دووەم، لە یاریگەی ئامەد دەکرێت.
ئامانج لە یارییەکە، سەرنج خستنە سەر تووندوتیژی دژی ژنان و دروستکردنی هۆشیاریی کۆمەڵایەتییە؛ هەروەها پشتیوانیکردنە لە پرۆسەی چارەسەری کە زیاتر لە ساڵێکە لەو وڵاتە دەستی پێکراوە.