نیکۆ کۆڤاچ و بۆرووسیا دۆرتموند، قۆناخێکی نوێی سەرکەوتن دەنووسنەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
دیاری حەسەن
نیشانەکردن نیکۆ کۆڤاچ یانەی بۆرووسیا دۆرتمۆند
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی، لەژێر سەرکردایەتی نیکۆ کۆڤاچی کرواتی، سەرقاڵی نووسینەوەی مێژوویەکی نوێیە. دووانەی دۆرتمۆند - کۆڤاچ پاش سەرەتایەکی خراپ لە وەرزی ئەمساڵدا، جارێکی دیکە گەڕانەوە بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوی ئەمساڵی بۆندێسلیگا.
 
دۆرتمۆند 36 خاڵی لە وەرزی ئەمساڵدا کۆکردووەتەوە و پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەی گرتووە. تیپەکە تەنیا حەوت خاڵ لە بایرن میونشنی پێشەنگی ریزبەندییەکەوە دوورە و ئەوەش ئومێدی زۆری بەهاندەرانی تیپەکە بەخشیوە.
 
بۆرووسیا لەگەڵ کۆڤاچ کە لە ناوەڕاستی وەرزی رابردووەوە سەرپەرشتیکردنی تیپەکەی جارێکی دیکە لە ئەستۆ گرتەوە، لە دوایین دوو یاریی خۆیدا، چوار خاڵی بەدەستهێنا، لەنێویدا سەرکەوتنی گەورە بە ئەنجامی 3-0 بەرامبەر ڤێردەر برێمەن.
 
گۆڕانکارییە تاکتیکییەکانی کۆڤاچ، وەک گۆڕینی شێوازی یاریکردنی تیپەکە بۆ سیستمی 3-5-2، بووەتە هۆی بەهێزکردنی هێڵی بەرگری و رەخساندنی دەرفەت بۆ یاریزانە سەرەکییەکانی وەک سێرهۆو گێراسی بۆ تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر.
 
دۆرتمۆند لە کۆی 15 گەڕی خولەکەدا، خاوەنی 8 کلین شیتە، ئەمەش ژمارەیەکی گەورەی یانەکەیە و هاوتای ئەو وەرزانەیە کە تێیدا نازناوەکەیان بەدەستهێناوە، بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشترینە، تیپەکە لەم وەرزەدا تەنیا 91 خولەک لە دواوە بووە (دۆڕاو بووە لە ناو یارییەکدا)، ئەمەش نزمترین رێژەیە لە 5 خولە گەورەکەی ئەورووپا لە وەرزی 2025/2026، ئەمە رەنگدانەوەی جەختکردنەوەی کۆڤاچە لەسەر جێگێریی تیپەکە، نەک تەنیا یاریکردنی هێرشبەرانە، تیپەکەی کۆڤاچ لە دوایین 2 یاریدا، 3 گۆڵیان بەرامبەر فرانکفۆرت (3-3) و 3 گۆڵیان بەرامبەر برێمەن (3-0) تۆمارکردووە، ئەوەش نیشانەی بەرەوپێشچوونی هێڵی هێرشبەرییە.
 
کۆڤاچ دۆرتمۆندی بۆ تیپێکی خاوەن بەرگرییەکی پۆڵایین گۆڕیوە، بە جۆرێک لە نیوەی یەکەمی وەرزەکەدا، تەنیا یەکجار تووشی شکست بوون، گۆڕانکارییەکانی وەک یاریکردنی بەنۆرە لەنێوان سێرهۆو گێراسی و فابیۆ سێلڤا، بژاردەی زیاتریان بۆ هێڵی پێشەوە دروستکردووە، پشتبەستن بە نمیچا لە چەق و یاریکردنی چوکوموێکا و سابیتزەر، رۆڵی کاریگەریان هەبووە لە دروستکردنی چڕیی لە هێڵی ناوەند و کۆنتڕۆڵکردنی یاری لە خولەکەکانی کۆتاییدا، شێوازەکەی ئەو راهێنەرە لەسەر بنەمای بەردەوامییە، بەو پێیەی وەرزی رابردوو بەبەدەستهێنانی 22 خاڵ لە دوایین 8 یاریی وەرزەکەدا، توانی سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ مسۆگەر بکات.
 
لەژێر سەرپەرشتی کۆڤاچ، دۆرتموند سەرکەوتنێکی مێژوویی بەئەنجامی 3-1 لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر بارسێلۆنا بەدەستهێنا، تیپەکە وەرزی 2025/2026ی بە تۆمارکردنی 12 گۆڵ لە 6 یاریی یەکەمدا دەستپێکرد، ئەمەش وایکرد گرێبەستی کۆڤاچ تاوەکو ساڵی 2027 درێژبکرێتەوە، بەهرەمەندە لاوەکانی وەکو یان کوتۆ، ماکس بایەر و جۆب بێلینگهام و یاریزانە بەئەزموونەکانی وەک مارسێل سابیتزەر و سێرهۆو گێراسی بە ئاستە جێگیرەکانیان پاداشتی سیستمە تاکتیکییەکەی کۆڤاچیان داوەتەوە.
 
یانەی بۆرووسیا دۆرتموند بەسەرکردایەتی کۆڤاچ، لە دوایین 38 یاریدا، تەنیا 4 یاری دۆڕاوە و هەریەکێکیان لە پاڵەوانێتییەکی جیاواز بوون.
 
لە بۆندیسلیگا، بەئەنجامی 2-1 بەرامبەر بایرن میونشن دۆڕان.
 
لە مۆندیالی یانەکان بەئەنجامی 3-2 بەرامبەر ریال مەدرید دۆڕان.
 
لە جامی ئەڵمانیا بەئەنجامی 1-0 بەرامبەر بایر لیڤەرکوزن دۆڕان.
 
لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی بەئەنجامی 4-1 دۆڕان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە