سەرۆکی ئامەدسپۆر: دەمانەوێت لەگەڵ هەولێر و زاخۆ یاریی دۆستانە بکەین
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر کە سەردانی هەرێمی کوردستانی کردووە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، دەیانەوێت پەیوەندییەکانیان لەگەڵ یانەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزتر بکەن و ئامانجیان سەرکەوتنە بۆ سوپەرلیگی تورکیا و دواتریش گەیشتنە ئەورووپا. دەشڵێت: دەیانەوێت لەگەڵ هەردوو یانەی هەولێر و زاخۆ یاریی دۆستانە بکەین.
ناهیت ئەرەن، سەرۆکی یانەی ئامەدسپۆر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ـی کانوونی دووەمی 2026، سەردانی یانەی هەولێر کرد، باسی لە پڕۆژەی هاریکاریی نێوان یانەکانی ناوچەکە و دیدگەی خۆیان بۆ داهاتوو کرد.
ناهیت ئەرەن، ئاماژەی بەو پێشکەوتنە بەرچاوە کرد کە یانەکەیان لە ساڵانی رابردوودا بەدەستی هێناوە و بە تۆڕی میدیایی رووداو گوت: "ئامەدسپۆر لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ئەو ناسنامەیەی هەیەتی پێشکەوتنێکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە. دەمانزانی کە لە هەرێمی کوردستان هاندەرێکی زۆرمان هەیە. ئەم سەردانەمان بۆ ئەوەیە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەرپرسان و یانە وەرزشییەکانی ئێرە بەهێزتر بکەین و گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین کە چۆن دەتوانین سوود بە یەکدی بگەینین. سەردانەکەمان زۆر بەرهەمدارە."
شاندی ئامەدسپۆر لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە و سەرۆکی هەرێم بەڵێنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی پێدان. ئەرەن، وردەکاریی کۆبوونەوەکەی بەم شێوەیە گێڕایەوە:
"بەرێز نێچیرڤان بارزانی، خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە ئامەدسپۆر لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی و برایەتی، وەرزش دەکات. هیوای خواست یانەکە لەسەر ئەم پەیامەی بەردەوام بێت و جەختی لەوە کردەوە کە ئامادەی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکە."
ئەرەن، ئاماژەی بەو دەستپێشخەرییەش کرد کە پێشتر رووداو سەبارەت بە ئەنجامدانی یارییەکی دۆستانە لەنێوان ئامەدسپۆر و زاخۆ خستیەڕوو و رایگەیاند، زۆر بە گەرمی پێشوازی لەو بیرۆکەیە دەکەن.
ناهیت ئەرەن، جەختی لە پەیوەندیی بەهێزی نێوان هاندەرانیان لەگەڵ هاندەرانی زاخۆ کردەوە و گوتی: "لەگەڵ سەرۆکی یانەی زاخۆ بە تەلەفۆن قسەم کرد. پەیوەندییەکی نایاب لەنێوان هاندەرانماندا هەیە. بەڕاستی دەمانەوێت هەم لەگەڵ هەولێر و هەم لەگەڵ زاخۆ یاریی دۆستانە بکەین. ئەم یارییانە چ لە دیاربەکر بن یان لێرە، ئێمە ئامادەین."
سەبارەت بە ئامانجە وەرزشییەکانی ئامەدسپۆر، ناهیت ئەرەن گوتی: "ئێستا لە خولی پلە یەکی تورکیا پێشەنگین و ئامانجمان سەرکەوتنە بۆ سوپەرلیگ. بەڵام نامانەوێت لەوێ بوەستین. کاتێک سەرکەوتین بۆ سوپەرلیگ، دەمانەوێت ناسنامە و رەنگەکانمان لە یاریگاکانی ئەورووپادا نوێنەرایەتی بکەین. بۆ ئەمەش کارەکانمان بەردەوامە."
شاندی ئامەدسپۆر لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ هەولێر، نەک تەنیا لەگەڵ ناوەندە وەرزشییەکان، بەڵکو لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکانیش کۆبوونەوە.
شاندەکە، لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان-یش کۆبووەوە و پڕۆژەکانی یانەکە و پەیامی هاوپشتیی هەرێمییان گەیاند.