رووداو دیجیتاڵ
تاوەکو ئێستا کات و شوێنی بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی جامی کەنداو، لەنێوان هەردوو یانەی دهۆک و قادسیە دیاری نەکراوە و ئەوەی لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکراوەتەوە راست نییە.
دوای ئەوەی یانەی دهۆک لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی کەنداودا لە یانەی ئیتیفاقی سعودیی بردەوە و گەیشتە یاریی کۆتایی جامەکە، دەنگۆی زۆر لەبارەی کات و شوێنی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بڵاوکرانەوە.
زۆربەی ئەو سەرچاوانەی کات و شوێنی یارییەکانیان بڵاوکردەوە، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردبوو کە یاریی چوون لە رۆژی 8ـی مانگی داهاتوو لە کوێت بەڕێوەدەچێت و یاریی گەڕانەوە رۆژی 15ـی هەمان مانگ لە دهۆک دەکرێت.
لەوبارەیەوە تۆڕی میدیایی رووداو، پەیوەندییە بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی کەنداوەوە کرد و سەرچاوەیەکی باڵا لەنێو فیدراسیۆنەکە بە رووداوی گوت "تاوەکو ئێستا کات و شوێنی بەڕێوەچوونی یارییەکانی چوون و گەڕانەوە لە یاریی کۆتایی جامی کەنداودا دیاری نەکراوە، رۆژی دووشەممە وردەکارییەکانی تایبەت بەو دوو یارییە یەکلادەبنەوە."
جاسم حاجی، سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "ئەوەی لەبارەی یاریی کۆتایی جامی کەنداو بڵاوکراوەتەوە دەنگۆیە و تاوەکو ئێستا کاتەکەی دیاری نەکراوە، ئەمشەو تاوەکو دووشەممە دەکرێت بەتەواوی کات و وادەی بەڕێوەچوونی دیاری بکرێت."
یانەی دهۆک لە هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتاییدا، لە یانەی ئیتیفاقی سعودیی بردەوە و بۆ یەکەمجار وەکو یەکەم یانە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق گەیشتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو.
یانەی قادسیەی کوێتی لە قۆناخی پێشکۆتاییدا سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی نەسڕی ئیماراتی بەدەستهێنا و خۆی گەیاندە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە و رووبەڕووی نوێنەری کوردستان و عێراق دەبێتەوە.
یانەی قادسیەی کوێتی، پێشتر لە 2000 و 2005 دووجار بووەتە پاڵەوانی جامی کەنداو بۆ یانەکان، هیچ یانەیەکی عێراقی ئەو نازناوەی نەبردووەتەوە و یانەی دهۆک دەیەوێت ببێتە یەکەم یانە ببێتە پاڵەوان.
دوای گەیشتنی بە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، یانەی دهۆک هەلی ئەوەی هەیە رکابەری لەسەر بردنەوەی سێ نازناو بکات، خولی ئەستێرەکانی عێراق، جامی عێراق و جامی کەنداو.
لەبارەی گەیشتنیان بە یاریی کۆتایی جامی کەنداو و رکابەریکردن بۆ بردنەوەی نازناوەکە، مەسعود میرال، راهێنەری یانەی دهۆک رۆژێک دوای سەرکەوتنیان بۆ ئەو یارییە بە رووداوی گوت "ئەوە دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ دهۆک، کوردستان و عێراق، هەوڵی ماندووبوونی هەموو یاریزانان و هاندەرانی یانەکەیە و هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی نازناوەکە ببەینەوە."
.png)
.png)
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ