کاپتنی دەربەندیخان هۆکاری گەشتنەکردنی خۆی و هاوڕێکانی بۆ زاخۆ ئاشکرا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سیڤەر بێستوون
نیشانەکردن هەڤاڵ محەممەد یانەی دەربەندیخان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

هەڤاڵ محەممەد، کاپتنی یانەی دەربەندیخان، هۆکاری گەشتنەکردنی خۆی و کۆمەڵێک لە یاریزانە هاوڕێکانی بۆ زاخۆ و بەشدارینەکردنیان لە یارییەکەی بەرامبەر ئەو یانەیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت "یانەکەمان مووچەکانمان پێنادات".
 
 یانەی دەربەندیخان، دوای ئەوەی بەفەرمی دابەزی بۆ ریزی یانەکانی خولی پلەیەکی کوردستان، شەممەی رابردوو  میوانی یانەی زاخۆ بوو، بەڵام تەنیا 12 یاریزانی یانەکە گەشتیان بەرەو زاخۆ کرد و یارییەکەشیان بە پێنج گۆڵی بێبەرامبەر دۆڕاند.
 
هەڤال محەممەد، یاریزانی یانەی دەربەندیخان رایگەیاند، ماوەی دوو مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە و گوتی "بە هەرکەسمان دەگوت کوا مووچەکانمان؟ کەس وەڵامی نەدەداینەوە، بە سەرپەرشتیاری یانەکەم گوت، هەر هیچ نەبێت هەواڵێکی خۆشمان بدێ لەسەر شایستە داراییەکانمان، کەچی پێمان دەڵێت هیچ قسەیەکم نییە بیکەم”. 
 
هەڤاڵ، زانیاری زیاتری ئاشکرا دەکات و دەڵێت" کێشەکە ئەوەیە هەموومان بڕیارماندا کە یان هەموومان بەشداری نەکەین، یان هەموومان بەشداری دەکەین، تەنانەت راهێنەریش پێیگوتین کە من لەگەڵ ئێوەم، بەڵام دواتر کۆمەڵێک یاریزان پەشیمان بوونەوە، تەنانەت بەشێکیان دەیانگوت ئەوەی بچێتە زاخۆ پیاو نییە! ، بەڵام بەداخەوە پەشیمان بوونەوە".
 
کاپتنەکەی یانەی دەربەندیخان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە " نەڕۆیشتن و بەشداریینەکردنی ئێمە لە یارییەکە بڕیارێکی بەکۆمەڵ بوو، ئەویش بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانمان بوو" .
 
دەربەندیخان ئەم وەرزە خاوەنی 16 خاڵە و لە پلەی 12ـی ریزبەندییەکە دەبینرێت و یانەکە بەفەرمی دابەزیوەتە خولی پلە یەکەکانی کوردستان بۆ وەرزی داهاتوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە