رووداو دیجیتاڵ
ئۆریلیۆ دی لاورێنتسی سەرۆکی یانەی ناپۆلیی ئیتاڵی، داوای گۆڕانکاریی گەورە لە شێواز و سیستمی تۆپی پێ لە جیهاندا دەکات و کۆمەڵێک بیرۆکەی شۆڕشگێڕانەی بۆ پێداچوونەوە بە هەموو شتەکانی تۆپی پێ خستووەتە روو.
دی لاورێنتس لە نوێترین چاوپێکەونتیدا دەڵێ، یارییکردن بەو شێوازەی ئێستا زۆر درێژە، ئاماژەی بەوەداوە کە نەوەی ئێستا حەوسەڵەی ئەوەی نییە 90 خولەک تەماشای یارییەک بکات.
دی لاورێنتس کە هەموو کات لێدوانی سەرنجڕاکێشی هەیە، دەڵێ، "یارییەکان زۆر درێژن و ماوەی نێوان گێمەکانیش زۆرن، ئەمە کێشەیە بۆ نەوەی ئێستا کە ئارامیی نییە و کاتێک لە تەلەڤیزیۆنەوە تەماشای یارییەکان دەکات، هەستدەکات ریتمەکەی خاوە".
ئەو بۆ نەهێشتنی ئەو بێزارییە پێشنیاز دەکات، "کاتی یاری بکرێتە 50 خولەک و بەسەر دوو گێمی 25 خولەکیدا دابەش بکرێت، لەگەڵ ئەژمارکردنی کاتی راستەقینەی یارییکردن لەکاتی راستیی یاریکردن و بوونی تۆپ لە یاریگەدا، لەبری ئەوەی لە کۆتایی یارییدا کاتی زیادکراو هەبێت".
دی لاورێنتس هاوکات بڕوای بەوە هەیە کە کارتی سوور و زەرد وەک سزا لە یارییەکاندا دەبێ تەنیا پەیوەست بێت بەو یارییەوە کە کارتەکانی تێدا دەدرێت، نەک یارییەکی دیکە، هەرلەبەرئەوە پێویستە سزادانی یاریزان بکرێت بەوەی کە یاریزان بەدوورخستنەوەی کاتی لە یاری سزا بدرێت.
ئەو دەڵێ، "دەکرێ لەبری کارتی زەرد، یاریزانێک 5 خولەک بکرێتە دەرەوە، هەروەها لەبری کارتی سوور یاریزانێک بەدوورخستنەوە بۆ ماوەی 20 خولەک سزا بدرێت".
سەرۆکی یانەی ناپۆلی، هاوشێوەی خولی سوپەرلیگ کە رووبەڕووی رەخنە و دژایەتیی زۆر بووەوە، پێشنیاز دەکات خولێکی گەورە هەبێت سەرجەم یانە گەورەکانی ئەورووپا تێیدا بەشداربن بەدرێژایی وەرز بەسیستمی خول رکابەریی لەنێوانیاندا هەبێت، نەک تەنیا بەسیستمی جام، رووبەڕووی یەکدی ببنەوە.
سەرۆکی یانە ئیتاڵییەکە هیواخوازە یانەکانی خولی تۆپی پێی ئەمریکاش بچنە ناو چامپیۆنزلیگ و دەڵێ، "بیرۆکەی جارێکی دیکە، بینینی مێسی لە چامپیۆنزلیگ، واملێدەکات هەڵوەستە بکەم".
دی لاورێنتس جەخت لەسەر بایەخی راکێشانی سەرنجی نەوەی نوێ دەکاتەوە و دەڵێ، "نەوەی نوێ، وەک کانە زێڕ وایە بۆ ئێمە، ئەگەر رازییان نەکەین، دەمرین و تۆپی پێش ئەو کارلێکەی نامێنێت کە لە سەد ساڵی رابردوودا بینیومانە".
سەرۆکی ناپۆلی، هێرشی تووندی کردووەتە سەر فیدراسیۆنەکانی تۆپی پێی نێودەوڵەتیی و ئەورووپا و بەناڕاستگۆیی تۆمەتباری کردوون.
ئەو رەخنەی زۆری لە سیستمی دابەشکردنی داهاتە زەبەلاحەکانی تۆپی پێ هەیە.
دەڵێ، "ئەوان پارەیەکی خەیاڵیی وەردەگرن، دەبێ هەموو قازانجەکە بدرێتەوە بە فیدراسیۆنەکانی وڵاتان، دەڵێن ئێمە پارەکە خەرج دەکەین، بەڵام بەو شێوەیە نییە، ئەوان درۆ دەکەن و راستییەکە ناڵێن".
ئۆرێلیۆ رەخنەی لە مامەڵەی فیفا لەگەڵ یاریزانان هەیە لەکاتی پێکرای یاریزانان.
ئەو دەڵێ، "دەمەوێت بزانم بۆچی بیمەکردن لەسەر یاریزان نییە لە کاتی تووشبوونی بەپێکان لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی؟ ئەگەر یاریزانێک بۆ ماوەی مانگێک داببڕێت، هەندێک پارەمان دەدەنێ و تاوەکو ماوەی دوورکەوتنەوەکەی زیاتر بێت، پارەکەی زیاتر دەبێت".
ئەو هۆشداریی داوە، "ئەگەر یاریزانێک ماوەی ساڵێک یاریی نەکات، فیدراسیۆنەکانی فیفا و یۆفا دەبێ پارە بدەنە یانەکان تاوەکو یانەی خاوەن یاریگە، بتوانێت گرێبەست لەگەڵ یاریزانێکی دیکە بکات، نەک تەنیا چاوەڕێی چاکبوونەوەی یاریزانەکەی خۆی بکات".
ئەو گوتوویەتی، "ئەگەر فیفا و یوفا یاریزانانی ئێمەیان دەوێت، دەبێ پارەمان بدەنێ، ئەگەر یاریزانەکە لە ساڵێکدا 10 ملیۆن مووچەی بێت، کاتێک ئەوان بۆ مانگێک دەیبەن، پێویستە ملیۆنێک بدەنە یانەکە، تێناگەم بۆچی یاریزانی ئێمە بەخۆڕایی بچن یاریی بۆ ئەوان بکەن؟".
دی لاورێنتس لە دایکبووی 1949ی رۆمایە، یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی وەرزشی ئیتاڵیا و سینەماکارە. دی لاورێنتس رۆڵی گەورەی هەبووە لە گێڕانەوەی ناپۆلی بۆ خولی سێری ئا و رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان لە ماوەی دە ساڵی رابردوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ