ڤیدیۆ؛ مێسی و ئینتەرمەیامی لە یەکەم یاریدا یەکسان بوون

15-06-2025
دیاری حەسەن
مێسی و یاریزانانی ئەهلی میسری
مێسی و یاریزانانی ئەهلی میسری
نیشانەکردن یانەی ئەهلی میسری لیۆنیل مێسی ئینتەرمەیامی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
یانەی ئینتەرمەیامی لە یاریی کردنەوەی مۆندیالی یانەکاندا بە ئەنجامی 0-0 بەرامبەر یانەی ئەهلی میسری یەکسانبوو.
 
بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە)، یانەی ئینتەرمەیامی بە سەرکردایەتی لیۆنێل مێسی، لە یاریی کردنەوەی مۆندیالی یانەکاندا، رووبەڕووی یانەی ئەهلی میسری بووەوە، یارییەکە لە یاریگەی هاردڕۆک لە شاری مەیامی بەڕێوەچوو و تیپەکەی مێسی چاویان لەوە بوو لە یەکەم یاریدا، سێ خاڵ بەدەستبهێنن و دەستپێکێکی بەهێزیان هەبێت لە مۆندیالی یانەکان.
 
ئەوەی لە یارییەکە روویدا جیاواز بوو، یانەی ئەهلی میسری دەستپێشخەربوو لە هێرشبردن و گوشارێکی زۆری خستەسەر گۆڵی ئینتەرمەیامی، یانە میسڕییەکە لە 15 خولەکی سەرەتا، سێ هەلی زێڕینی گۆڵکردنیان لەدەستدا.
 
ئەوەی گورزێکی کوشندە بوو بۆ ئەهلی، پێکانی ئەستێرەی یانەکە، ئیمام عاشوور بوو، ئەو یاریزانە لە خولەکی 15 لێیدرا و تووشی پێکان بوو و بەخێرایی گوازرایەوە نەخۆشخانە، لەوێ دەرکەوت کە ئێسکی شانی شکاوە و بەپێی راگەیەندراوی یانەکە، تاوەکو کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لە یاریگەکان دووردەکەوێتەوە.
 
هێرشەکانی ئەهلی بەردەوام بوون و ئۆسکار ئوستاری، گۆڵپارێزی یانەی ئینتەرمیامی وەکو دیوارێکی پۆڵایین لەپێش هێرشەکانیان وەستابوو، بەڵام لە خولەکی 43، ناوبژیوانی یاری، لێدانێکی سزای بۆ یانە میسرییەکە هەژمارکرد، بەڵام مەحمود تریزیگێ سەرکەوتوو نەبوو لە تۆمارکردنی و ئەنجامەکە وەک خۆی مایەوە و بەوشێوەیە نیوەی یەکەم کۆتاییهات.
 
نیوەی دووەم دەستیپێکرد و یارییەکە بەتەواوی گۆڕا، یانەی ئینتەرمەیامی کۆنتڕۆڵی یاریگەیان کرد و هێرشەکانیان بەرەو گۆڵی ئەهلی چڕکردەوە، ئەستێرەی یانەکە، لیۆنێل مێسی، چەند جارێک نزیک بوو لەوەی گۆڵی یەکەمی یانە ئەمریکییەکە تۆماربکات، ئەو یاریزانە 5 لێدانی بەرەو گۆڵی بەرامبەر هەبوو، 2 لێدانیان بەر ستوون کەوتن، ئەوانی دیکەش نەیانتوانی بەربەستی محەممەد شناوی ببڕن.
 
لەگەڵ خولەکە کۆتاییەکان، هێرشەکانی ئینتەرمەیامی چڕتر بوون، بەڵام محەممەد شناوی بە چەند گەڕاندنەوەیەکی نایاب، تۆڕی یانەی ئەهلی پاراست و یارییەکە بە ئەنجامی 0-0 کۆتاییهات.
 
ئۆسکار ئوستاری، کە لە یارییەکەدا هەشت سەیڤی هەبوو، وەک باشترینی یارییەکە دیاریکرا. 
 
خاڤیێر ماسکێرانۆ، راهێنەری یانەی ئینتەرمەیامی دوای یارییەکە پەسنی تواناکانی ئۆسکاری گۆڵپارێزی یانەکەی کرد و گوتی ئەو نەک تەنیا لێدانێکی سزا، بەڵکو چەندین هەوڵی مەترسیداری تیپی بەرامبەری بۆ گۆڵکردن پووچەڵکردەوە.
 
یارییەکە لە کۆمەڵەی یەکەمی مۆندیالی یانەکان ئەنجامدرا. یاریی دووەمی کۆمەڵەکە هەردوو یانەی پۆرتۆی پۆرتوگالی و پاڵمێراسی بەرازیلی بەیەکدەگەیێنێت و یارییەکە سبەی دووشەممە، کاژێر 1:00ی بەرەبەیان ئەنجامدەدرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە