هەڵمەتی زاخۆ بۆ خەڵاتی فیفا.. تیمە خۆبەخشەکان بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەچنە شارەکانی عێراق

 

رووداو – هەولێر

یانەی وەرزشیی زاخۆ، کە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)وە وەک یەکێک لە سێ بەربژێری کۆتایی بۆ بردنەوەی خەڵاتی "باشترین هاندەری ساڵ" (FIFA Fan Award) دەستنیشان کراوە، هەڵمەتێکی فراوانی بۆ کۆکردنەوەی دەنگ دەستپێکردووە و بڕیارە تیمەکانیان سەردانی شارەکانی دیکەی عێراق بکەن.سەرۆکی یانەکەش داوای بەشدارییەکی فراوانتری هاووڵاتییان دەکات. 
 
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی باشترین هاندەری جیهان تاوەکو رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت و کەمتر لە دوو هەفتە لەبەردەم هاندەران و خەڵکی کوردستاندا ماوە بۆ دەنگدان و سەرخستنی یانەی زاخۆ بۆ بەدەستهێنانی ئەم دەستکەوتە مێژووییە.
 
فیفا لەسەر ماڵپەڕی فەرمیی خۆی، هۆکاری پاڵاوتنی هاندەرانی زاخۆی بەم شێوەیە روونکردووەتەوە: "هاندەرانی یانەی زاخۆ پشتیوانیی خۆیان بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە دەربڕی، بە فڕێدانی بووکەڵە بۆ ناو یاریگە، ئەمەش پێش دەستپێکردنی یاریی خولی عێراق بوو بەرامبەر یانەی حدوود."
 
فیدراسیۆنی نێودەوڵەتیی تۆپی پێ (فیفا)، هاندەرانی یانەی زاخۆی بەهۆی هەڵمەتی فڕێدانی بووکەڵە بۆ منداڵانی تووشبووی شێرپەنجە، وەک یەکێک لە سێ بەربژێری کۆتایی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتە جیهانییەکە دەستنیشان کردووە. کێبڕکێکە تاوەکو رۆژی 28ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
 
دوو رکابەرەکەی یانەی زاخۆ کێن؟
 
دوو رکابەرەکەی دیکەی هاندەرانی زاخۆ بریتین لە ئەلیخاندرۆ سیگانۆتۆی ئەرجەنتینی و هاندەری کۆچکردووی ئیسپانیا، مانۆلۆ ئێل دێل بۆمبۆ. 
 
ئەلیخاندرۆ سیگانۆتۆ: هاندەرێکی ئەرجەنتینی کە بە ئۆتۆستۆپ نزیکەی 6500 کیلۆمەتری بڕی بۆ ئامادەبوون لە هەموو یارییەکانی یانەی رەیسینگ کلەب لە دەرەوەی یاریگای یانەکەی.
 
مانۆلۆ ئێل دێل بۆمبۆ: هاندەری ئەفسانەیی و کۆچکردووی ئیسپانیا کە بۆ ماوەی چوار دەیە بە دەهۆڵە بەناوبانگەکەیەوە یاوەریی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی دەکرد.
 
سەبارەت بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی دەنگ، عەمار فەرهاد، سەرۆکی یانەی زاخۆ، ئەمڕۆ شەممە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)ی تۆڕی میدیایی رووداو، رایگەیاند: "ئەمە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ هەموو کوردستان، نەک تەنیا بۆ زاخۆ. ئێستا هەڵمەتەکەمان بە فەرمی دەستپێکردووەتەوە و گرووپەکانمان دەچنە بەغدا، دەچنە بەسرە و هەموو شارەکانی عێراق دەگەڕێین بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بەشداربن و زۆرترین دەنگ کۆبکەینەوە."
 
سەرۆکی یانەی زاخۆ هەروەها سوپاسی پشتیوانیی یانەکانی دیکەی کوردستانی کرد و گوتی: "خۆشبەختانە یانەکانی دیکەی کوردستانیش وەک هەولێر، سلێمانی و دهۆک، تەنانەت یانەکانی باکووری کوردستانیش، پشتیوانیی خۆیان دەربڕیوە و ئامادەیی هاوکارییان نیشانداوە، بۆ ئەوەی پێکەوە ئەم شانازییە جیهانییە بۆ کوردستان بەدەستبهێنین."