ریال مەدرید گۆڕانکاریی گەورە دەکات و دوو ئەستێرە بەڕێدەکات

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ئەو تەنگژەی ئەنجامەی لە وەرزی ئەمساڵدا یانەی ریال مەدریدی تێکەوتووە، کارگێڕیی یانەکەی گەیاندووەتە ئەو بڕوایەی لە هاوینی داهاتوودا، گۆڕانکاریی گەورە بکات.
 
بەپێی سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا، هاوینی داهاتوو ریال مەدرید گۆڕانکاریی گەورە لە پێکهاتەکەیدا دەکات و هەشت یاریزان لەئێستاوە بڕیاری بەڕێکردنیان لێدراوە.
 
ریال مەدرید لە ژێر گوشارێکی زۆردایە، بەتایبەت پاش پاشەکشەی ئەنجامەکانی تیپەکە و ئەو زنجیرە ئەنجامە خراپەی لە یارییەکانی رابردوودا بەدەستیهێنا.
 
جیا لەو دەنگۆیانەی باس لە ئەگەری دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ لە مەشقدانی تیپەکە دەکەن، بەهۆی ئەنجامە خراپەکانەوە، کارگێڕیی ریال مەدرید بڕیاریداوە، لە ئەگەری بەردەوامبوون یان بەردەوامنەبوونی ئەلۆنسۆدا، ژمارەیەک یاریزان بفرۆشێت.
 
تۆڕی 'دیڤێنسا سێنتراڵ' و 'فوت میرکاتۆ' ئاشکرایانکردووە، ریال مەدرید پلانی داناوە بۆ دانانی ناوی هەشت لە یاریزانانی ئێستای تیپەکە لە لیستی فرۆشتندا، لەماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا.
 
ستراتیژی داهاتووی یانەکە بریتییە لە دوورخستنەوەی ئەو یاریزانانەی کە ئاستیان باش نییە یان پێویست نین لە تیپەکەدا و دەشکرێ پارەی باش بۆ یانەکە بهێنن، لە ئەگەر فرۆشتنیاندا.
 
بەپێی لیستی ئاشکراکراوی میدیاکان، هەریەکە لە ئاندرێ لونینی گۆڵپارێزی یەدەگ، لەگەڵ فیرلان مێندی و فران گارسیا، پێشەنگی بەڕێکراوان دەبن، بەتایبەت کە دوو بەرگریکەرەکەی باڵی چەپی یانەکە، شوێنگرەوەیەکی ئاستبەرزی وەک ئەلڤارۆ کارێراسیان هەیە.
 
ریال مەدرید هەروەها ئامادەیە بۆ گوێگرتن لەهەر دەستەوارەیەک لەبارەی دانی سیبایۆس و برایم دیازەوە پێی بگات، بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجە بوونی ناوی ئێدواردۆ کاماڤینگای ناوەڕاستکاری یانەکەیە لە نێو لیستی ئەو یاریزانانەدا کە یانەکە ئامادەیە بیانفرۆشێت.
 
هێڵی پێشەوەی ریال مەدرید، بەهەمان شێوە لە دەستپێداهێنانەوە پارێزراو نابێت، بەپێی هەردوو تۆڕەکە، ریال مەدرید پلانی داناوە بۆ دەستبەرداربوون لە گۆنزالۆ گارسیا، بەڵام لەو بەپەلەتر بۆ فرۆشتن، رۆدریگۆیە، ئەگەرچی لە دوو یاریی رابردوودا و پاش گەڕانەوەی بۆ پێکهاتەی سەرەکی، دوو گۆڵی تۆمارکردووە.
 
ئەوەی بۆ ریال مەدرید لە فرۆشتنی رۆدریگۆدا سەرنجڕاکێشە، بەرزیی نرخەکەیەتی لە بازاڕی گواستنەوەدا کە ماوە بۆ ریال مەدرید خۆشدەکات تاوەکو سوودێکی دارایی گەورە لە فرۆشتنەکە بکات.
 
ریال مەدرید هاوکات ناچارە لە کۆتایی وەرزدا، بڕیار لە چارەنووسی هەریەکە لە داڤید ئالابا و ئانتۆنیۆ رۆدیگێر بدات کە گرێبەستەکانیان لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.
 
پێناچی کارگێڕیی یانەکە ویستی نوێکردنەوەی گرێبەستی هەریەکە لەو دوو یاریزانەی هەبێت.
 
هەمان ئەو سەرچاوانە، ئەگەر کارکردنی ریال مەدرید لەسەر فرۆشتنی ڤینیسیۆس جۆنیۆریش بەدوور نازانن، بەتایبەت کە ئەو یاریزانە ئاستی وەک پێویست نییە و لە ماوەی رابردوودا کێشەی لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەکە هەبوو.
 
ئەو سەرچاوانە لە کۆتاییدا ئەوە دووپاتدەکەنەوە کە کۆی پڕۆسەی گۆڕانکارییەکان، پەیوەندی بەوەوە هەیە تاوەکو کۆتایی وەرز ریال مەدرید چیدەکات و کام نازناو بەدەست دەهێنێت یان نا، هەروەها ئاستی هەریەکە لەو یاریزانانە چۆن دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە