رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەیەکی ئیسپانی ئاشکرای دەکات کە پارە بە هەندێک لە دەنگدەرانی باڵۆندۆر دراوە بۆ ئەوەی لە پێشبڕکێی خەڵاتەکەدا پشتگیری لە عوسمان دێمبێلێ بکەن لەدژی لامين يامال.
لێکۆڵینەوەیەکی رۆژنامەڤانی کە لەلایەن ماڵپەڕی The Athletic بڵاوکرایەوە، مشتومڕێکی گەورەی دروستکردووە کە لەوانەیە کاریگەریی شۆکهێنەری هەبێت لەسەر کێبڕکێی خەڵاتی باڵۆندۆری 2025 و لەسەر متمانەی گۆڤاری فرانس فوتبۆل، کە رێکخەری بەنێوبانگترین خەڵاتی تاکەکەسییە لە مێژووی وەرزشدا.
هەفتەیەک پێش راگەیاندنی براوەی خەڵاتی باڵۆندۆر بۆ ئەمساڵ، کە هەموو چاوەکان لەسەر شانۆی شاتیلێ لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا دەبن، ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن رۆژنامەی زە ئاتلێتیکەوە بڵاوکرانەوە، کۆڕ و کۆمەڵەکانی تۆپی پێی لە جیهاندا و بەتایبەتی لە ئیسپانیا هەژاند، دوای ئەوەی ئاماژەی بە پرۆسەیەکی وەرگرتنی کەسایەتییە کاریگەرەکان کرد بۆ ئەنجامدانی کەمپەینێک بۆ پشتگیریکردنی عوسمان دێمبێڵی، یەکێک لە دیارترین رکابەرانی خەڵاتەکە، لەدژی لامين يامال.
هەمان سەرچاوە ئاماژەیان بەوەداوە کە کۆمپانیایەکی تایبەت کە بارەگاکەی لە هیندستانە، پارەی بە هەندێک لە کەسایەتییە کاریگەرەکان و خاوەن بڕیارەکانی جیهان داوە بۆ پشتگیریکردنی دێمبێلێی یاریزانی پاریس سانجێرمان لە بردنەوەی باڵۆندۆر و پێشخستنی ئەو لەسەر حیسابی ئەستێرەی بارسێلۆنا و هەڵبژاردەی ئیسپانیا، لامين يامال.
بەپێی رۆژنامەی زە ئاتلێتیک، دوو رۆژ پێش ئێستا تویتێک لە پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بڵاوکرابووەوە کە تێیدا باس لەوە کرابوو کە کۆمپانیایەک داوای لە کەسایەتییە کاریگەرەکان کردووە پشتگیری دێمبێلێ بکەن بۆ بردنەوەی باڵۆندۆر لەسەر حیسابی لامين يامال.
رۆژنامەکە لێکۆڵینەوەیەکی ئەنجامداوە کە چەند ئەنجامێکی بەهێزی لێکەوتووەتەوە و بووەتە هۆی شۆکێکی گەورە لە کێبڕکێی باڵۆندۆردا، بەڵام دوای پەیوەندیکردن بە لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە، دەوروبەری ئەستێرەی فەرەنسی هەر پەیوەندییەک یان زانیارییەکیان بە کۆمپانیاکەوە رەتکردووەتەوە.
هەمان سەرچاوە ناوی کۆمپانیاکەی راگەیاند و گوتی کە ناوی "بانگەرە Bangrrـە وبارەگاکەی لە هیندستانە.
کۆمپانیاکە کە تۆمەتبارە بە بەکارهێنانی کەسایەتییە کاریگەرەکان بۆ پشتگیریکردنی عوسمان دێمبێلێ لەسەر حیسابی لامين يامال، روونیکردەوە کە چیرۆکەکە راستە، بەڵام بۆ مەبەستێکی گوماناوی نەبووە.
کۆمپانیا هیندییەکە گوتی "کارمەندێکی مەشقپێکراوی تەمەن 18 ساڵ کە لەلای ئەوان کاردەکات، بەبێ ئاگاداری بەڕێوەبەرەکەی پەیوەندی بە کەسایەتییە کاریگەرەکانەوە کردووە و کارەکەی لەسەر بنەمای زانین بووە بۆ ئەوەی بزانێت رۆژنامەنووس یان کەسایەتی کاریگەر چەندێک پارە وەردەگرێت لە بەرامبەر ئەوەدا، نەک زیاتر"، ئەمە بەپێی ئەوەی کە "زە ئاتلێتیک" بڵاویکردووەتەوە.
کۆڕ و کۆمەڵەکانی خەڵاتی باڵۆندۆر پڕن لە مشتومڕ و تۆمەتی پێدانی خەڵاتەکە بەبێ پێوەرە بابەتییەکان، وەک ئەوەی ساڵی رابردوو روویدا کاتێک رۆدریی ئیسپانی خەڵاتەکەی وەرگرت لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی ئەوەبوون ڤینیسیۆس جونیۆر بیباتەوە.
لە وەشانی 2025 کێبڕکێی خەڵاتەکە لەنێوان ژمارەیەکی سنوورداردا دەبێت، لەسەرووشیانەوە عوسمان دێمبێلێ (پاریس سانجێرمان ـ فەرەنسا) و لامين يامال (بارسێلۆنا ـ ئیسپانیا) بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ