رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی یەکلایی بووەوە کە رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، ئەستێرەی پۆڵەندی لە بارسێلۆنا دەڕوات، هانزی فلیکی راهێنەری بلاوگرانا دوو داواکاریی بەپەلە ئاراستەی کارگێڕیی بارسێلۆنا دەکات.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسێلۆنا، دوای دڵنیابوونەوە لە رۆیشتنی هێرشبەری قاڵبوو رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە کۆتایی ئەم وەرزەدا، دوو داواکاریی بەپەلەی هەیە.
ئەستێرە پۆڵەندییەکە دوێنێ شەممە رایگەیاند کە لە کۆتایی وەرزدا دەڕوات، چونکە گرێبەستەکەی لەگەڵ بلاوگرانا کۆتایی دێت.
لیڤاندۆڤسکی لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی ئینستاگرام نووسیویەتی "دوای 4 ساڵی پڕ لە ئاستەنگ و کاری جددی، کاتی هەنگاونان بەرەو پێش هات. لەکاتێکدا دەڕۆم کە هەست دەکەم ئەرکەکەم تەواو کردووە. چوار وەرز و 3 نازناوی لالیگا".
بەگوێرەی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، فلیک داوای لە کارگێڕیی بارسێلۆنا کردووە گرێبەستی فێران تۆرێس، هێرشبەری دیکەی تیپەکە نوێ بکەنەوە، هەروەها لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ هێرشبەرێکی سەرەڕمی نوێ واژۆ بکەن.
گرێبەستەکەی تۆرێس لە حوزەیرانی 2027 کۆتایی دێت، و لەوانەیە ئەم هێرشبەرە ئیسپانییە لە ناوەڕاستی وەرزی داهاتوودا گوێ لە دەستەوارەکان بگرێت، ئەمەش وایکردووە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ببێتە کارێکی لەپێشینە بۆ کارگێڕیی یانەکە.
فلیک سەرسامییەکی زۆری خۆی بەو گۆڕانکارییە دەربڕیوە کە یاریزانەکە لە شوێنە نوێیەکەیدا (وەک هێرشبەری سەرەکی) بەدەستی هێناوە، دوای ئەوەی لەم وەرزەدا 21 گۆڵی تۆمارکردووە.
تاوەکو ئێستا بارسێلۆنا لەسەر ناوی ئەو هێرشبەرە رێنەکەوتووە کە گرێبەستی لەگەڵ دەکات، بەڵام هەریەکە لە جواو پێدرۆ یاریزانی چێڵسی و جولیان ئەلڤارێز یاریزانی ئاتلێتیکۆ مەدرید، لە دیارترین بەربژێرەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ