رووداو دیجیتاڵ
لە دوای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەی فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی ریال مەدرید لە رۆژی سێشەممەی رابردوو، باسوخواسی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە بەگەرمی سەریهەڵدایەوە.
پێرێز لە کۆنگرەکەیدا هێرشی کردە سەر زۆر کەس و دامەزراوەی جیاوازی ئیسپانیا، هەندێک لەوانی تۆمەتبارکرد بە پیلانگێڕی لە دژی یانەکەی و داوایکرد هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی یانەکە، سێ ساڵ بەرلەوادەی یاسایی خۆی ئەنجام بدرێت.
پێرێز رایگەیاند کە خۆی بۆ بوونەوە بەسەرۆکی یانەکە بەربژێر دەکاتەوە، دەرگاش لەبەردەم ئەوانیدیکەدا کراوەیە، ئاماژەی بەدەستکەوتەکانی خۆی لەگەڵ یانەکە، لەماوەی 26 ساڵ سەرۆکایەتیدا کرد.
سەرکەوتن بەسەر سەرۆکە سەرکەوتووەکەدا
بیرۆکەی چوونە نێو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەی ریال مەدرید، زیاتر لە هەوڵدان بۆ تێپەڕاندنی یانەیەکی داخراو دەچێت، تاوەکو رکابەرییەکی ئاسایی لەسەر پۆستێک.
ریال مەدرید هەمیشە خۆی وەک موڵکی ئەندامەکانی دەناسێنێت، ساڵانێکی زۆرە یانەکە بەیەک سەرۆک و یەک رووخسارەوە دەردەکەوێت، کە سەرکەوتنە مێژووییەکانی هەمووکات بیانوو بوون بۆ مانەوە و بەردەوامبوونی.
بیرکردنەوە لە تێپەڕاندن و بەزاندنی پێرێز لە پێشبڕکێی سەرۆکایەتیی یانەکە، وەک مەحاڵ دێتە بەرچاو، ئەمە تەنیا لەبەرئەوەنا کە ئەو سەرۆکێکی سەرکەوتووە، یان رێگە بەسەرکەوتنی رکابەرەکانی نادات، یان لەبەرئەوەی گەلویستییەکی زۆری لەنێو ئەندامانی دەنگدەری یانەکەدا هەیە، بەڵکو لەبەرئەوەی رێگای خۆپاڵاوتن و بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە، پڕی مەرجی قورس و پڕ گرێ و گۆڵە.
ئاڵنگارییەکەی پێرێز
سەرۆکی ئێستای ریال مەدرید، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا، نەخشەڕێی یانەکەی داڕشتەوە، پاش بانگەوازکردن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، لە کاتێکدا ئەو ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە 2029 کۆتایی دێت.
هەنگاوەکەی پێرێز، هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراوبوو لە نێو نێوەندە وەرزشییەکانی ئیسپانیا. بەتایبەت کە کاتەکەی، کاتی هاتنەدەرەوەی یانەکە بوو، لە وەرزێکی پڕ لە کارەسات و کێشە و ناکۆکی و نازناوی سفر بۆ دووەم وەرزی لەسەریەک. ئەمە جیا لە ناڕوونی لە بابەتی ئەو راهێنەرەی بۆ وەرزی داهاتوو، سەرپەرشتی یانەکە دەکات.
سەرۆکی ریال مەدرید، لە کۆنگرەکەیدا کە بڕیاری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی راگەیاند، پەیامی بۆ هەموو ئەوانە نارد کە بیر لە رکابەریی ئەو دەکەنەوە لە سەرۆکایەتیی یانەکە و گوتی، "کێ لە ژێرەوە کاردەکات، دەتوانێت خۆی بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە هەڵبژێرێت، تاوەکو دواتر ئەندامانی یانەکە بڕیار بدەن".
لە پشتی ئەو قسانەی پێرێزەوە کە هەندیک میدیا بە بێمنەتانە ناویانبرد، سەرۆکی ئێستای ریال مەدرید لەوە تێدەگات چ بەربەست و رێگرییەک لەبەردەم هەر کەسێکدا هەیە کە دەیەوێت خەون بەکورسییەکەی ئەوەوە ببینێت.
ئەو مەرجانەی بەئارەزووی پێرێز دانراون
فلۆرێنتینۆ پێرێز، ساڵی 2009 بۆ دووەمجار لە ژیانیدا بووەوە سەرۆکی ریال مەدرید، ئەو پاشئەوەی شۆڕشێکی گەورەی لە بازاڕی گواستنەوەی هاوینەکەدا بەهێنانی هەریەکە لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کەریم بنزیما، ریکاردۆ کاکا و چابی ئەلۆنسۆ بەرپاکرد، ئیدی پێویستی بەزیاتر چەسپاندنی پایەکانی دەسەڵاتەکەی خۆی بوو.
ئەگەرچی بڕیارەکان لە ریال مەدرید، بڕیاری تاکەکەسی نابن و پێویستیان بە دەنگی ئەندامان هەیە، بەتایبەت لە بابەتی گۆڕانکاریی لە پەیڕەوی نێوخۆی یانەکە، بەڵام پێرێز لە رێگای خستنەڕووی گۆڕانکارییەکان لە یاسا کارپێکراوەکانی یانەکە، لەبەردەم ئەنجوومەنی گشتیی ریال مەدرید کە ئەندامانی یانەکە دەگرێتەوە، دەتوانێت و توانیویەتی زۆر شت، لەبەرژەوەندیی خۆی بکاتە بەشێک لە پەیڕەوی نێوخۆی یانەکە و بیکاتە یاسا.
ئەمە تەنیا بۆ پێرێز راست نییە، بەڵکو لە بەرامبەر ریال مەدرید، رکابەرە سەرەکییەکەش کە بارسێلۆنایە، لە بەڕێوەبردندا هەمان سیستم پەیڕەو دەکات و خوان لاپۆرتا، دەتوانێت بەڕێگەی دەنگدان و بانگەشە بۆ گۆڕانکاری، ئەوە بکاتە سیستم لە یانەکەدا کە خۆی دەیەوێت، بەو مەرجەی هەردوو سەرۆک، رەزامەندیی ئەندامە دەنگدەرەکانی یانەکە بۆ پڕۆژەیاسا و بیرۆکەکانیان بەدەست بهێنن.
مەرجە تۆقێنەرەکان
ساڵی 2012 لە رێگەی دەنگدانی ئەندامانەوە، یانەی ریال مەدرید دەستکاریی پەیڕەوی نێوخۆی کرد و مەرجەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتیی یانەکەی داڕشتەوە.
بەپێی ئەو پڕۆژەیەی دەنگی زۆرینەی ئەندامانی بەدەستهێنا، مەرجی قورس دانران بۆ ئەو کەسانەی خۆیان بۆ بەربژێرکردنی سەرۆکایەتیی یانەکە هەڵدەبژێرن.
مەرجە نوێیەکان بریتی بوون لەوەی، بەربژێر دەبێ هەڵگری وڵاتینامەی ئیسپانی بێت، لانیکەم 20 ساڵ بێت، ئەندامی یانەی ریال مەدرید بێت، واتە بەردەوام ئابوونە بداتە یانەکە. قورسترین مەرج بۆ بەربژێری سەرۆکی یانەکە ئەوەیە کە دەبێ، بەربژێر دەستەبەری خاوەندارێتی 15 لەسەدی کۆی بوودجەی ساڵێکی یانەکە بکات و بیسەلمێنێت کە خاوەنیەتی.
بەپێی ئەو مەرجە و بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی بوودجەی ساڵانەی ریال مەدرید، کە لە ساڵێکدا ئێستا دەگاتە 1 ملیار و 250 ملیۆن یۆرۆ، بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە، دەبێ بیسەلمێنێت کە خاوەنی 187 ملیۆن یۆرۆی خۆیەتی و دەبێ بەبەڵگە پێشانی بدات، کە ئەو بڕە سامانەی هەیە.
ئەو مەرجە قورسانە، ئەگەرچی لە چەند ساڵی رابردوودا خرانەوە بەرباس بۆ دەستکاریکردن و سووککردنی هەندێکیان، بەڵام پێرێز پێداگرانە بەرگری لەو مەرجانە کرد و دووپاتیکردەوە، نایەوێت لە رێگای پشتگیریی دەرەکی یان 'گەلەکۆمەی دارایی'، لە داهاتوودا کەسانێک بێن و یانەکە کۆنترۆڵ بکەن. ئەو گوتی نابێ رێگە بدەین 'خاوەن سەرمایەکان' کولتووری ریال مەدرید، دەستبەسەردابگرن.
پەرچەکرداری سەرۆکەکانی پێشوو
ئەو بیانووانەی پێرێز بۆ مەرجەکانی سەرۆکایەتیی یانەکەی هێنانەوە، نەیانتوانی باوەڕبەزۆر کەس بهێنن لە رەوایەتیدا، سەرۆکانی پێشووی یانەکە لە نێویاندا ڤیسێنتی بۆلودا، کە ساڵی 2009 بۆ ماوەیەکی کەم، بەرلە گەڕانەوەی پێرێز لە شوێنەکەی ئەو دانیشت گوتی، ئەو یاسایانە، "یانەکە لە ئەندامەکانی دووردەخەنەوە".
رامۆن کالدیرۆن کە ململانێیەکی تووندی لەگەڵ پێرێز هەیە و تاوەکو ئێستاش رەخنە لە کارەکانی دەگرێت. هەروەها خۆی بەخاوەنی دەستەوارەی یەکەمی هێنانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ریال مەدرید دەزانێت، بەلاقرتێوە لەبارەی پەیڕەوە نوێیەکە گوتی، "لەوانەیە پێویست بووایە لە مەرجەکانی خۆ بەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتی یانەکە، ئەوەش هەبووایە کە بەربژێر، پێویستە ناوی یەکەمی بە 'فلۆ' دەستپێبکات" ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ فلۆرێنتینۆ.
ناوبردنی یاسا نوێیەکانی مەرجی خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە، وایکردووە لە دوای جێبەجێکردنیانەوە، پێرێز پێویستی بە ئەنجامدانی هیچ هەڵبژاردنێکی سەرۆکایەتیی یانەکە نەبێت، بەڵکو هەمووجار بەهۆی نەبوونی رکابەرەوە، راستەوخۆ ببێتەوە سەرۆکی یانەکە.
پێرێز لە هەڵبژاردنەکانی 2013، 2017، 2021 و 2025 بەبێ چوونە ناو ململانێی هەڵبژاردن و بەهۆی نەبوونی رکابەرەوە، راستەوخۆ لەلایەن ئەندامانەوە بەسەرۆکی یانەکە هەڵبژێردرایەوە. ئەوەش لەبەرئەوەی هیچ بەربژێرێک نەیتوانی ئەو مەرجە قورسانەی خۆبەربژێرکردن بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە، لە خۆیدا جێبەجێ بکات.
گۆڕانی دۆخەکە
ئەوەی بەهۆی مەرجە نوێیەکانی بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتیی ریال مەدریدەوە وەک دۆخی یانەکە، بەتایبەت لە کاتی هەڵبژاردنەکان هاتەئاراوە، وایکرد شێوە و کەشی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەکە بەتەواوی بگۆڕێت.
لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، دۆخی هەڵبژاردنەکان تەواو جیاوازبوون، ئەوکات گەیشتنە سەرۆکایەتیی یانەکە، پێویستی بەجەنگێکی کراوە و بەڵێن و کارنامەی گەورە هەبوو.
ساڵی 2000 کاتێک فلۆرێنتینۆ پێرێز بۆ یەکەمجار خۆی بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە بەربژێرکرد، کاتێک کە هەڵبژاردنەکان لەبەردەم زۆر کەسدا کراوەبوون، ئەو توانی لە لۆرێنزۆ سانزی سەرۆکی ئەوکاتی یانەکە بباتەوە، پاشئەوەی بەر لە هەڵبژاردنەکان بەڵێنی بەئەندامانی یانەکەدا، لە ئەگەری بوون بەسەرۆکی یانەکە، گرێبەست لەگەڵ لویس فیگۆی ئەستێرەی ئەوکاتی بارسێلۆنا بکات.
ئەو بەڵێنە، ئاراستەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەکەی گۆڕی، پێرێزی گەیاندە سەر کورسیی سەرۆکایەتیی یانەکە و ئەویش هەر زوو دوای دەستبەکاربوون، فیگۆی لە بارساوە هێنایە ریال مەدرید.
ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە، هەر رکابەرێکی نوێ پێویستی بە زیاتر لە پڕۆگرامی هەڵبژاردن و گەلویستیی ئەندامانی یانەکە هەیە. ئەوان دەبێ بەر لە هەر شت بیسەلمێنن کە توانای داراییان هێندە بڵندە، پانزە لەسەدی کۆی داهاتی ساڵێکی یانەکەیان هەیە.
ئەو رکابەرەی سەریهەڵدا
لە دوای قسەکانی پێرێز لە کۆنگرە رۆژنامەنووسییەکەیدا، ناوی ئینریکێ ریکێلمی وەک رکابەری یەکەمی سەرۆکی ئێستای ریال مەدرید، لە میدیاکاندا سەریهەڵدا.
ئینریکێ، سەرمایەدارێکی خاوەن پارەی زۆرە، تایبەتمەندی بواری وزەی نوێبووەوەیە و نزیکترین کەسە کە توانای بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی یانەکەی هەبێت.
ئەو سەرمایەدارە، دوای قسەکانی پێرێز، لە پەیامێکدا دووپاتیکردەوە توانای پەیوەست بوون بەمەرجە داراییەکانی سەرۆکایەتیی یانەکەی هەیە، ئەو تەنیا داوایکرد ماوەی بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتیی یانەکە درێژبکرێتەوە، لە کاتێکدا رۆژی 23ی ئەم مانگە وەک دوا وادەی بەربژێربوون لەلایەن یانەکەوە، دیارییکراوە.
لە رۆژانی رابردوودا، ئەگەری ئەوە وروژێنرا کە رافایێل نادال، ئەفسانەی تێنسی ئیسپانی و مەدریدیستای خاوەن ئەندامێتیی یانەکە، دەیەوێت لەگەڵ ئینریکێدا بچێتە نێو ململانێی هەڵبژاردنەکان، بەڵام رافا هەرزوو ئەوەی رەتکردەوە و گوتی هیچ نیازێکی لەو شێوەیەی نییە.
قسەکانی نادال بوونە هۆکار بۆ ئەوەی سەرۆکی ئێستای ریال مەدرید، جارێکی دیکە بەتەنیا وەک تاکە بەربژێری سەرۆکایەتیی یانەکە بمێنێتەوە. ئەمە جیا لە دەرکەوتنی وەک بەهێزترین لە رووی کارگێڕیی، ئابوور و جەماوەرییەوە.
گۆڕانکارییەکان و هەڵسانەوە
ریال مەدرید، دوای دووەم وەرزی لەسەریەک لە دەستبەتاڵ دەرچوون لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، هەروەها ئەو کێشە و گرفتە زۆرانەی ئەمساڵ تووشی بوون، پێویستی بەگۆڕانکاریی ریشەیی و خۆڕێکخستنەوە هەیە.
دۆسێی هەڵبژاردنەکان، لە دۆسێیەکانی دیکەی یانەکە جیاواز نین، یانەکە هەوڵدەدات تیپێکی بەهێز بۆ وەرزی داهاتوو بباتەوە پاڵەوانێتییەکان، کە راهێنەرێکی نوێ و بەهێزی هەبێت، ئەو راهێنەرەی دەبێ دەستبەکاربێت بۆ گرێبەستی نوێ و رێکخستنەوەی تیپی تۆپی پێی یانەکە.
هەموو ئەمانە لە کاتێکدا روودەدەن کە پێدەچێ ریال مەدرید زۆر نزیک بێت لە راگەیاندنی، گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ، بۆ مەشقدانی یانەکە لە وەرزی داهاتوودا.
پێرێز وێڕای دوو ساڵ لە شکست، هێشتا خۆی بەپیاوی گونجاوی قۆناخەکە و هەڵسانەوەی ریال مەدرید دەزانێت. ئەو ئەگەرچی هاندەران رەخنەی زۆریان لێگرت و تەنانەت رووبەڕوو داوای رۆیشتنیانکرد، بەڵام سوورە لەسەر هەڵسانەوەیەکی نوێ لەگەڵ ریال مەدرید.
لە نێو ئەو مشتومڕە گەرمەدا کە ریال مەدرید بۆ داهاتوو هەنگاوی بۆ دەنێت، دیمەنی گشتیی یانەکە دیمەنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی خێرایە کە بەهۆیەوە سەرۆکی ئێستا، دەیەوێت کۆدەنگیی ئەندامەکانی لەگەڵ بێت، بۆ هەر بڕیارێک کە لە داهاتوودا دەیدات.
پێرێز تاوەکو ئێستا، تاقانەی مەیدانی هەڵبژاردنەکەیە لە دامەزراوەیەکدا کە ئەگەرچی بەدەنگدان سەرۆکەکەی هەڵدەبژێرێت، بەڵام زیاتر وەک دامەزراوەیەکی داخراو خۆی پێشاندەدات کە تەنیا ئەوانە دەباتە سەر کورسیی سەرۆکایەتییەکەی، کە خاوەن پارە و سامانی زۆرن، نەک خاوەن پڕۆژەی گەشەکردن و گەشانەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ