رووداو دیجیتاڵ
ئەیسەر قاسم، یاریزانی کوردی یانەی دالکوردی سوێدی دەڵێت "ماوەیەکی زۆربوو بەدوای هەلێکی لەم شێوەیەدا دەگەڕام و دەمویست لە ئاستێکی بەرزدا یاریی بکەم."
ئەیسەر قاسم، یاریزانێکی لاوی کوردە و تەمەنی 21 ساڵە، لە ماوەیەکی زۆر کەمدا لە تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا بووە ناوێکی دیار و هەر زوو یانەی دالکورد گرێبەستی لەگەڵ واژۆکرد بۆ ئەوەی لە خولەکانی سوێددا بەدرێسی ئەو یانەیەوە یاریی بکات و ئێستا لە یانەکەیە.
یاریزانە کوردەکەی یانەی دالکورد بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "هێشتا نەبووەتە دوو ساڵ لە یانەی دالکورد یارییدەکەم، بەڵام لێرە زۆر دڵخۆشم، هەست بە ئاسوودەیەکی زۆر دەکەم و دەمەوێت هێشتا ئاستم بەرزبکەمەوە و زیاتر بەرەو پێشەوە بڕۆم، هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە بەدرێسی یانەی دالکوردەوە یارییدەکەم و ماوەیەکی زۆربوو پێویستم بە هەلێکی لەمشێوەیە بوو بۆ ئەوەی تواناکانم بەرزبکەمەوە و توانای خۆم پێشانی هەموو لایەک بدەم."
لەبارەی ئەوەی کە دالکورد هیچ دەستەوارەیەکی نوێی پێشکێشکردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستەکەی نوێبکاتەوە، ئەیسەر قاسم بە رووداوی گوت "گرێبەستەکەم تاوەکو مانگی 11ـی ساڵی 2024 لەگەڵ یانەی دالکورد بەردەوامدەبێت، هیچ قسەیەک لەبارەی داهاتووەوە لەگەڵ من و هیچ یاریزانێکی دیکەی پیشەگەر نەکراوە، بۆیە جارێ بیر لە داهاتوو ناکامەوە."
ئەیسەر پێشتر لە تیپی تازەپێگەیشتووانی یانەی زێرەڤانی دەرکەوت، دوای ئەوە بۆ تیپی یەکەمی یانەکە سەرخرا، لەوێشەوە چووە یانەی هەندرێن و پاشانیش لە خولی عێراق پەیوەندیی بە یانەی زاخۆوە کرد، لە وەرزی رابردووش گرێبەستی لەگەڵ یانەی دالکورد واژۆکرد و ئێستاش لەو یانەیە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ