ئێمباپێ داوای 263 ملیۆن لە پاریس دەکات و پاریس دەڵێ دەبێ ئێمباپێ 440 ملیۆنمان بداتێ!

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی پاریس سانجێرمان کیلیان ئێمباپێ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی هەڕەشەی تووند لە کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری پێشووی دەکات، پاشئەوەی دادگا بڕیاریدا یانەکە ناچار بکات بڕی 61 ملیۆن یۆرۆ بداتە ئێمباپێ.
 
ئێمباپێ و پاریس سانجێرمان لەماوەی رابردوودا بەزنجیرەیەک دادگایی و تۆمەتبارکردنی یەکدیدا گوزەریان کرد، پاشئەوەی ئێمباپێ داوای مووچەی ساڵی کۆتایی گرێبەستەکەی لە یانە پاریسییەکە کرد و لە دادگا سکاڵای تۆمارکرد.
 
پاریس سانجێرمان لە بڵاوکراوەیەکی فەرمیدا رایگەیاند، "بڕیاری دادگای کارمان بەدەستگەیشت و جێبەجێی دەکەین، لەگەڵ بەردەوامبوون لە بەرگریکردنمان لە مافی تێهەڵچوونەوە و تانە لێدان لە بڕیارەکە".
 
بڵاوکراوەی یانەکە هەروەها دەڵێ، "بەردەوام پاریس سانجێرمان بەنیازپاکی و روونییەوە مامەڵەی لەگەڵ دۆسێیەکەدا کردووە و لەسەر هەمان شێوازی مامەڵەش بەردەوام دەبێت".
 
هەروەها دەڵێ، یانەکە بەردەوام چاوی لە داهاتووە، بەپشتبەستن بە یەکگرتوویی و سەرکەوتنی بەکۆمەڵ، هیوای سەرکەوتنی تەواویش بۆ ئەو یاریزانە لە داهاتوودا دەخوازین.
 
هەردوولایەن، پێشتر سکاڵای یاساییان لەسەر یەکدی لە چەندین لایەنی وەرزشیی جیاواز تۆمارکردووە، بەبیانووی ئەوەی کە یاریزانەکە پابەندی بەڵێنەکانی بە کارگێڕیی یانەکە نەبووە، لە کاتێکدا ئەو یاریزانە داوای وەرگرتنی شایستە داراییە دواکەوتووەکانی دەکات کە پاش بڕیاری رۆیشتنی لە یانەکە، لەلایەن یانەکەوە دەستیان بەسەرداگیرا.
 
رۆژنامەی 'لوپاریزیان'ی فەرەنسی دەڵێ، پارێزەرەکانی ئەو یاریزانە داوای 263 ملیۆن یۆرۆیان لە یانەکە کردووە، بەپشتبەستن بە داڕشتنەوەی کۆی گرێبەستەکەی.
 
هەمان ئەو تیمە پارێزەرە، بۆ دابڕاندنی بەزۆری یاریزانەکە داوای 44،6 ملیۆن و گێچەڵی دەروونی و کاری ئاشکرانەکراو 37،5 ملیۆن یۆرۆیان کردووە. هەروەها بۆ پابەندنەبوون بەگرێبەست داوای 19 ملیۆن یۆرۆ وەک قەرەبوو دەکەن.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، پی ئێس جی، هێرشی پێچەوانەی دژی ئەو شکستە یاساییە ئەنجامداوە بەبەرزکردنەوەی سکاڵای یاسایی کە تێیدا داوای 440 ملیۆن یۆرۆ دەکەن، کە دابەشکراوە بەسەر 20 ملیۆن وەک قەرەبووی زیانگەیاندن بەوێنەی یانەکە و 60 ملیۆن وەک قەرەبووی بەدنیازیی لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکان و 180 ملیۆن لە قەرەبووی شاردنەوەی رێکەوتن و 180 ملیۆنیش بەهۆی لەدەستدانی هەلی فرۆشتنی یاریزانەکە دەکەن.
 
ئێمباپێ، هاوینی 2023 پاش کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، بەخۆڕایی روویکردە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە