رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید یەکەم یاریی لە مۆندیالی یانەکاندا ئەنجامدەدات و ئەمشەو بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی یاری دەکات، بەر لە بەڕێوەچوونی یارییەکە یاریزانێک سەرنجی هەمووانی راکێشاوە و بووەتە سوپرایزی نێو تیپەکە.
ریال مەدرید چوار رۆژە بۆ مۆندیالی یانەکان گەیشتووەتە ئەمریکا و لە مەیامی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدەدات، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەرکەوتنی ئەلیکساندەر ئارنۆڵد، یاریزانی نوێی یانەکە هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشاوە و هەمووانی سەرسامکردووە.
میدیای ئیسپانیا دەڵێت "بۆچوونێکی گشتی لەبارەی ئارنۆڵدەوە لەنێو ریال مەدرید دروستبووە، کە ئەو یاریزانە زۆر نایاب و تایبەتە و زۆربەباشی خۆی لەگەڵ هاوڕێکانی دەستەی هونەری یانەکە گونجاندووە، لە یەکەم رۆژەکانیدا پابەندییەکی زۆرباشی پێوە دیارە و وەکو مووشەکێک بەخێرایی چووەتە نێو ریال مەدرید."
رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی نووسیوویەتی "ئارنۆڵد وەکو دێوزەمەیەک لەگەڵ ریال مەدرید دەردەکەوێت، لەرووی جەستەییەوە زۆر بەهێزە و زۆر بەباشی ئامادەیە بۆ ئەوەی بەشێوەی سەرەکی لە مۆندیالدا دەربکەوێت."

چابی ئەلۆنسۆ زۆر سەرسامە بە شێوازی مەشقکردنی یاریزانەکە و چاودێریکردنی ئەو یاریزانە بۆ یاریزانەکانی دیکە و متمانەی تەواوی بە تواناکانی بەرگریکارەکە هەیە.
ئارنۆڵد چەند رۆژێکی کەمە پەیوەندیی بە ریال مەدریدەوە کردووە، ئەمشەو چاوەڕواندەکرێت یەکەم یاریی بەدرێسی یانەی شاهانەوە ئەنجامبدات، لەبارەی مەشقەکانی لەگەڵ یانەکەدا بەرگریکارە ئینگلیزییەکە دەڵێت "کوالێتی یاریزانان لە ریال مەدرید جیاوازە، زۆر خێرا تۆپ دەگوازنەوە، دۆخەکە زۆر لەوە جیاوازترە کە من لەگەڵی راهاتووم، دڵخۆشم و چێژی لە وەردەگرم."


میدیای ئیسپانی دەڵێت "ئەلۆنسۆ رۆڵێکی سەرەکی لە ریال مەدریددا دەداتە ئارنۆڵد، ئەو یەکێک لە یاریزانە سەرەکییەکانی یانەی شاهانە دەبێت و ئەوە یەکلابووەتەوە کە کۆرنەرەکانی یانەکەش ئارنۆڵد جێبەجێیان دەکات."
ئەمشەو لە یەکەم دەرکەوتنیدا لە رکابەرییەکانی مۆندیالی یانەکاندا، یانەی ریال مەدرید بەرامبەر یانەی هیلالی سعودی یاری دەکات، یارییەکە کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان لەسەر یاریگەی هارد رۆک بەڕێوەدەچێت.


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ