دهۆک و زاخۆ بۆ یەکلاکردنەوەی جامی عێراق لە بەغدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
دێربیی بادینان لە یاریگەی شەعبی بەغدا و لەپێناو بەرزکردنەوەی جامی عێراق دەکرێت. ئەم ئێوارەیە، دهۆک و زاخۆ لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە بەیەک دەگەن و بۆ یەکەم جار لە مێژوودا یانەیەکی کوردستانی جامەکە بەرز دەکاتەوە.
ئەمڕۆ هەینی 18-07-2025 کاژێر 08:00ی شەو بەکاتی هەولێر، هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ لە بەغدا لە یاریی کۆتایی جامی عێراقدا رووبەڕووی یەکدی دەبنەوە.
یارییەکە لەلایەن سەلمان فەلاحی قەتەرییەوە بەڕێوەدەبرێت و هەریەک لە رەمەزان نعێمی وەکو یاریدەدەری یەکەم، ماجد شەمەری، یاریدەدەری دووەم و خەمیس مریش وەکو ناوبژیوانی چوارەم لە یاریگەکە دەبن.
لە دوایین 5 یاری، یانەی دهۆک سێ بردنەوە و دوو دۆڕانی هەیە؛ هەرچی زاخۆیە دوو بردنەوە و سێ یەکسانبوونی هەیە.
رێگەی هەردوو یانەکەی بادینان لە پاڵەوانێتییەکە ئاسان نەبوو. دهۆکییەکان لە قۆناخی 16ـی پاڵەوانێتییەکە کە لە شوباتی ئەم ساڵ بەڕێوەچوو، بە ئەنجامی 3-0 لە میسانیان بردەوە، لە چارەکی کۆتایی 3-1 لە مینایان بردەوە و لە یاریی پێشکۆتاییش توانییان 3-1 لە قوە جەوییە ببەنەوە و بلیتی یاریی کۆتایی بەدەستبێنن.
کوڕانی پردی دەلالیش 2-0 لە گەرمە، 1-0 لە نەورۆزیان بردەوە و لە قۆناخی پێشکۆتاییش لەگەڵ شوڕتەی پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی عێراقی 0-0 یەکسان بوون، دواتر توانییان بە لێدانی یەکلاکەرەوە 4-3 ببەنەوە و خۆیان بگەێننە ئەم قۆناخەی ئێستا.
بۆ یارییەکە دوو جۆرە بلیت بۆ هاندەران بەردەستن؛ بلیتی ئاسایی کە نرخەکەی پێنج هەزار دیناری عێراقییە و بلیتی تایبەت (ڤی ئای پی)ـیش نرخەکەی 10 هەزار دینارە.
دەیان هەزار هاندەری هەردوو یانە کوردستانییەکە لە بەغدان و لە دوێنێوە بە ئاهەنگ و خۆشیی گێڕانەوە شەقامەکانیان تەنیوە.
تاوەکو ئێستا زاخۆ و دهۆک 22 جار رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، لە 16 یاریی یەکسانبوون، زاخۆ دوو بردنەوە و دهۆکیش حەوت بردنەوەی هەیە.
جامی عێراق لە وەرزی 1948-1949ـوە بەڕێوەدەچێت و تاوەکو ئێستا هیچ یانەیەکی کوردستان نەبووەتە پاڵەوانی. یانەی هەولێر وەکو تاکە یانەی کوردستان لە وەرزی 2022-2023 گەیشتە یاریی کۆتایی و بە ئەنجامی 1-0 بە قووە جەوییە دۆڕا.
هەر یانەیەک ببێتە پاڵەوان، لە وەرزی نوێ بەشداری لە یانە پاڵەوانەکانی ئاسیا - 2 دەکات. لەلایەکی دیکەوە هەردوو ئەو یانەیەی گەیشتوونەتە کۆتایی یاریی جامی عێراق، بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جامی سوپەری عێراق دەکەن لە وەرزی داهاتوو.
یانەی زەوڕا زۆرترین جار ئەو ناسناوەی بەدەستهێناوە کە 16 جارە. وەرزی رابردوو یانەی شوڕتە توانی بە گۆڵێکی خاوێن لە قوە جەوییە بباتەوە و جامە زێڕینەکە بەرزبکاتەوە.
تاوەکو ئێستا یانەیەک توانیبێتی زۆرترین گۆڵ لە یارییەکی ئەو پاڵەوانێتییە بکات، یانەی جەیش بووە کە لە ساڵی 1987 توانی 14 گۆڵ لە بابل بکات.