رووداو دیجیتاڵ
تۆماس مولەر، ئەستێرەی ئەڵمانی یەکەم یاریی فەرمی خۆی لە خولی ئەمریکیدا لەگەڵ یانە نوێیەکەی ئەنجامدا و گۆڵێکی تۆمارکرد، بەڵام دواتر بە پاساوی ئۆفساید رەتکرایەوە.
دوای ئەوەی تیپەکەی لەنیوەی یەکەمدا بە گۆڵێک لەپێش بوو، تەنیا دوو خولەک دوای ئەوەی وەک یەدەگ چووە نێو یارییەکە مولەر لەگەڵ یانەی ڤانکۆڤەر وایتکاپس گۆڵێکی نایابی تۆمارکرد، بەڵام بۆی هەژمار نەکرا.
ڤانکۆڤەر وایتکاپس لەسەر یاریگای خۆیدا میوانداریی هیوستن داینامۆی کرد و بەئەنجامی 1-1 یەکسانبوون.
مولەر، کە لە خولەکی 61 چووە ناو یاریگە، لێدانێکی بەهێز و جوانی ئاراستەی گۆڵ کرد و تۆڕی هیوستنی هەژاند، بەڵام دوای ئەوەی هاوڕێ نوێیەکانی بۆ ئاهەنگگێڕان لە دەوری کۆبوونەوە، مولەر بینی کە ئاڵای یاریدەدەری ناوبژیوان بەرزکراوەتەوە و چووە لای بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی.
دیمەنە دووبارەکان ئەوەیان سەلماند کە براین وایت، کە پێشتر لە رێگەی لێدانی سزاوە ڤانکۆڤەری پێشخستبوو، لە کاتی هێرشەکەدا و پێش گۆڵەکە لە دۆخی ئۆفسایددا بووە.
خراپتر لەوەش ئارتور یاریزانی هیوستن لە کاتی زیادکراودا بە لێدانێکی بەهێز گۆڵی یەکسانبوون و خاڵێکی بۆ تیپەکەی لەدژی تیپەکەی مولەر بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ