بایرن میونشن بە ریکۆردێکی مێژوویی بووەوە پاڵەوانی بوندێسلیگا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن بوندێسلیگا
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

بایرن میونشن دوای بردنەوەی لە شتوتگارت، بۆ جاری 13ـەمین لە 14 وەرزی رابردوودا بووە پاڵەوانی خولی ئەڵمانیا و ریکۆردێکی مێژوویی لە تۆمارکردنی گۆڵ لە مێژووی خولەکەدا تۆمارکرد.

بایرن میونشن بە بردنەوەی 4-2 بەرامبەر شتوتگارت، بە فەرمی بووە پاڵەوانی بوندێسلیگا. دوای ئەوەی بروسیا دۆرتمۆندی دووەمی ریزبەندی بە ئەنجامی 2-1 بە هۆفێنهایم دۆڕا، تیپەکەی ڤینسێنت کۆمپانی تەنیا پێویستی بە خاڵێک بوو بۆ مسۆگەرکردنی نازناوەکە، بەڵام سێ خاڵی تەواوی بەدەستهێنا. گۆڵەکانی بایرن میونشن لە یارییەکەدا لەلایەن رافایل گوێرێرۆ، نیکۆلاس جاکسۆن، ئەلفۆنسۆ دەیڤیز و هاری کەین تۆمارکران.

ئەمە نازناوی 35ـەمینی یانە باڤارییەکەیە لە مێژووی خولەکەدا، بەوەش پێگەی خۆی وەک سەرکەوتووترین یانەی ئەڵمانیا بە جیاوازی 26 نازناو لەگەڵ نورنبێرگی دووەم بەهێزتر کرد. بایرن میونشن لەم وەرزەدا 109 گۆڵی تۆمارکردووە، بەوەش ریکۆردی وەرزی 1971-1972ـی شکاند کە 101 گۆڵ بوو. تیپەکە ئێستا 15 خاڵ لە پێش دۆرتمۆندەوەیە و تەنیا 28 گۆڵی لێکراوە، ئەمەش باشترین ئاماری بەرگرییە لەم وەرزەی خولەکەدا.

هاری کەین وەرزێکی بێوێنە بەڕێدەکات و 50 گۆڵی تۆمارکردووە، ئێستا بەربژێرێکی سەرەکییە بۆ خەڵاتی باڵۆندۆر. هاتنی لویس دیاز و ئاستە بەرزەکەی سێرج گنابری و ئۆلیسێ، بایرنیان کردووەتە مەترسیدارترین هێڵی هێرشبەری ئەورووپا. لە لایەکی دیکەوە، ڤینسێنت کۆمپانی لە دوو وەرزی کارکردنی لەگەڵ یانە باڤارییەکە، دوو جار نازناوی بوندێسلیگای بردووەتەوە.

بایرن میونشن ئێسا لە پێشبڕکێدایە بۆ ئەوەی هەر سێ نازناوی مسۆگەر بکات چامپیۆنسلیگ و پۆکاڵ و بوندێسلیگا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە