سەرۆکی فیفا بە تووندی رەخنە لە "دووڕوویی" رۆژئاوا دەگرێت


رووداو دیجیتاڵ 

جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیفا بە تووندی رەخنە لە وڵاتە رۆژئاواییەکان دەگرێت و بە "دووڕووییکردن" تۆمەتباریان دەکات و دەشڵێت، "لە بەرامبەر ئەو شتەی کە ئێمەی ئەوروپی لە ماوەی 3 هەزار ساڵی رابردوودا کردوومانە، پێویستە 3 هەزار ساڵی دیکە داوای لێبووردن بکەین پێش ئەوەی وانەی رەوشت بە خەڵک بدەین." لە بارەی قەدەخەکردنی فرۆشتنی بیرەش لە نزیک یاریگاکان، سەرۆکی فیفا دەڵێت، "کەس بە نەخواردنەوەی بیرە بۆ ماوەی سێ کاژێر لە رۆژێکدا نامرێت." 
 
رۆژی شەممە 11-19-2022، دژی رەخنەی وڵاتانی رۆژئاوا، سەرۆکی فیفا لە دەوحە بەرگریی لە جامی جیهانیی قەتەر کرد. وڵاتانی رۆژئاوا رەخنەیان لە شێوازی مامەڵەی قەتەر لەگەڵ کرێکارانی کۆچبەر، هاوڕەگەزخوازان و ژنان گرت. بەرپرسانی قەتەر دەڵێن، وڵاتەکەیان لەلایەن ژمارەیەک وڵاتی رۆژئاواوە کراوەتە ئامانجی "نەژادپەرستی" و "دووڕوویی." 
 
بەرپرسانی قەتەری هاوکات ئاماژە بە ئەنجامدانی چاکسازی و باشترکردنی بارودۆخی کرێکارە کۆچبەرەکان دەکەن. 
 
24 کاژێر پێش دەستپێکردنی یەکەم یاریی مۆندیال، ئەو شتەی کە لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی ئینفانتینۆ قسەی لەسەری نەکرا تۆپی پێ بوو، چونکە سەرنجەکە هەمووی لەسەر سیاسەت بوو. پیاوە سویسرییەکە ئاماژەی بەوە کرد، نابێت وڵاتانی رۆژئاوا هەوڵدەن "وانەی رەوشت" بە قەتەر بدەن، چونکە "ئەوە دووڕییە." ئینفانتینۆ گوتی: "نامەوێت هیچ وانەیەکی ژیان بە ئێوە بدەم، بەڵام ئەوەی کە روودەدات، زۆر زۆر نادادپەروەرانەیە." 
 
گوتیشی: "لە بەرامبەر ئەو شتەی کە ئێمەی ئەوروپی لە ماوەی 3 هەزار ساڵی رابردوودا کردوومانە، پێویستە 3 هەزار ساڵی دیکە داوای لێبووردن بکەین پێش ئەوەی وانەی رەوشت بە خەڵک بدەین."
 
پرسێکی دیکە کە بووەتە باس و خواسی مۆندیال، فرۆشتنی بیرە و خواردنەوە کحولییەکانی دیکەیە لەو وڵاتە ئیسلامییە، کە کۆتوبەندی تووندی خستووەتە سەر ئەو جۆرە خواردنەوانە. 
 
رێکخەرانی مۆندیال 48 کاژێر پێش لێدانی یەکەمین فیکەی جامە جیهانییەکە فرۆشتنی خواردنەوە کحولییەکانیان لە نزیک یاریگاکان قەدەخەکرد. 
 
فیفا هیچ روونکردنەوەیەکی لە بارەی ئەو بڕیارەوە نەداوە. بەڵام راپۆرتە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن، بڕیارەکە دوای دەستێوەردانی ماڵباتی فەرمانڕەوای قەتەر هاتووە. 
 
لەو بارەیەوە، ئینفاتینۆ گوتی: "پێموایە ئەگەر بۆ سێ کاژێر لە رۆژێکدا نەتوانی بیرە بخۆیتەوە، بە زیندوویی دەمێنیتەوە."