رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان لە راگەیێنراوێکدا داوایەکی بەپەلە ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکات و داوای لێکۆڵینەوە لە بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکەیان بەرامبەر باندرمەسپۆر دەکات.
ئامەدسپۆر دوای ئەوەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بە یانەی باندرمەسپۆر دۆڕا و لە پلەی دووەمی ریزبەندەوە چووە پلەی سێیەمی خولی پلە یەکی تورکیا، راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت بڕیارەکانی ناوبژیوانی یارییەکە تەنیا کاریگەریی لەسەر ئەنجامی یارییەکە نەبوو، بەڵکو بەشێوەیەکی ئاشکرا لە دژی ماندووبوونی یاریزانەکانمان بوو کە بەدرێژایی وەرز تێکۆشاون.
دەقی راگەیێنراوی یانەی ئامەدسپۆر
بانگەوازێکی کراوە بۆ فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا
بڕیارەکانی ناوبژیوان لەو یارییەی کە بەرامبەر باندرمەسپۆر ئەنجامماندا، تەنیا کاریگەریی لەسەر ئەنجامی یارییەکە نەبوو، بەڵکو بە شێوەیەکی ئاشکرا دەستیان بەسەر ماندووبوونی یاریزانەکانماندا گرت کە بە درێژایی وەرزەکە تێکۆشاون.
ئەو شێوازە بەڕێوەبردنەی لە کاتە هەستیارەکانی یارییەکەدا پیشاندرا، زیانی بە بنەمای دادپەروەری لە وەرزشدا گەیاند. ئەم دۆخە چی دیکە تەنیا وەک "هەڵەی ناوبژیوان" نابینرێت و هێندە جدی و جێگەی تێڕامانە کە ناکرێت بە ئاسانی پشتگوێ بخرێت.
لێرەوە بانگەوازێکی کراوە ئاراستەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی تورکیا دەکەین: دەبێت بەپەلە لێکۆڵینەوە لە تەواوی بڕیارە مشتومڕەکانی ئەم یارییە بکرێت، روونکردنەوەیەکی شەفاف بۆ رای گشتی بدرێت کە ویژدانی کۆمەڵگە ئارام بکاتەوە و دەستبەجێ رێکاری پێویست بەرامبەر بەرپرسان دەست پێ بکات.
ئەگەر دادپەروەری لە تۆپی پێدا بۆ هەمووان وەک یەک جێبەجێ نەکرێت، کێبڕکێ هیچ مانایەکی نامێنێت. ئێمە لە بەرامبەر پشتگوێخستنی ماندووبوونی یانەکەمان بێدەنگ نابین.
هاندەرانمان با بزانن کە ئێمە تاکو کۆتایی بەرگری لە مافی ئامەدسپۆر دەکەین، چ لە ناو یاریگا و چ لەسەر مێزی گفتوگۆ.
بۆ رای گشتی رایدەگەیەنین کە بەردەوام دەبین لە بەدواداچوون بۆ ئەم پرۆسەیە و رێگە نادەین ئەم بابەتە دابخرێت.
ئەم راگەیێنراوەی یانەی ئامەدسپۆر لەکاتێکدایە لە یاریی بەرامبەر باندرمەسپۆر، یاریزانێکی یانەکە بە کارتی سوور کرایە دەرەوە و هەژمار نەکردنی گۆڵێکیش لەلایەن ناوبژیوانی یارییەکەوە کە یانەکە پێیوایە تۆپ هێڵی گۆڵی تێپەڕاندووە، کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ