رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئیسپانیا نوێترین هەڵوێستی جۆزێ مۆرینیۆیان لەبارەی گەڕانەوەی بۆ مەشقدانی ریال مەدرید ئاشکراکردووە. رۆژنامەی مارکا دەڵێ، "هیچ بڕیارێکی رەتکردنەوەی گەڕانەوە لەلایەن ئەو راهێنەرەوە لەئارادا نییە و بۆی هەیە رووبدات".
لە رۆژانی رابردوودا و بەتایبەت لە پاش شکستی ریال مەدرید بەرامبەر بایرن میونشن و چوونە دەرەوەی یانەکە لە چامپیۆنزلیگ، مقۆمقۆی دوورخستنەوەی ئەلڤارۆ ئەربێلوا و دەستنیشانکردنی راهێنەرێکی نوێ بۆ یانەکە سەریانهەڵداوەتەوە.
لە نێو ئەو ناوانەدا کە بە ریال مەدریدەوە دەبەسترێنەوە، جۆزێ مۆرینیۆ وەک یەکێک لە بەربژێرە سەرەکییەکانی مەشقدانی ریال مەدرید لە وەرزی داهاتوودا باسی لێوەدەکرێت.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، مۆرینیۆ لە نێوان هێمنی و چاوەڕوانیدا وەستاوە، ئەو راهێنەرە وێڕای پابەندییەکانی بەیانەی بێنفیکاوە، چاوەکانی لەسەر مۆبایلەکەیەتی و چاوەڕێی تەلەفۆنێکی فەرمی لەلایەن فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ریال مەدرید دەکات، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە سەر تەختی شاهانەی مەدرید و مێژوویەکی نوێ بنووسێتەوە.
چەندین راپۆرتی راگەیاندن ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەلڤارۆ ئەربێلوا، راهێنەری ئێستای یانەکە، بەئەگەری زۆرەوە، وەرزی داهاتوو لە پۆستەکەی بەردەوام نابێت، ئەمەش لەبەر رۆشنایی پاشەکشەی ئەنجامەکان و چوونە دەرەوەی تیپەکە لە زۆربەی پاڵەوانێتییەکان.
بەگوێرەی رۆژنامەی 'مارکا'، مۆرینیۆ بە هێمنی مامەڵە لەگەڵ ئەم هەواڵانەدا دەکات و سوود لە ئەزموونە درێژخایەنەکەی لە بازاڕی گواستنەوەکاندا دەبینێت، بەتایبەت کە ناوی ئەو چەندین جار بە راهێنەرایەتی ریال مەدرید بەستراوەتەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا، ناوی راهێنەرە پۆرتوگالییەکە وەک یەکێک لە دیارترین بەربژێرەکان بۆ جێگرتنەوەی راهێنەری تیپەکە سەریهەڵدایەوە، لە کاتێکدا کە دۆخی تیپەکە هۆشداری وەرزێکی بێ نازناو دەدات، ئەمەش فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی یانەکەی ناچار کردووە بەدوای چارەسەردا بگەڕێت.
جۆزێ مۆرینیۆ لە لێدوانێکدا لەسەر ئەم هەواڵانە گوتوویەتی "دوو مانگ لەمەوبەر، هەفتەی پێشوو و چەند رۆژێک لەمەوبەریش باسی ئەمەم کردووە، ناتوانم گەرەنتی ئەوە بدەم کە چی روودەدات".
تاوەکو ئێستا هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لە نێوان ریال مەدرید و مۆرینیۆدا رووی نەداوە، کە ئێستا مۆرینیۆ سەرنجی لەسەر ئەرکەکانیەتی لەگەڵ بێنفیکا.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئایا دەتوانم گەرەنتی مانەوەم لە بێنفیکا بۆ وەرزی داهاتوو بکەم؟ پێشتر باسی ئەوەم کردووە و ناتوانم گەرەنتی هیچ شتێک بدەم وەک هەر چۆن تۆش ناتوانی گەرەنتی مانەوەت بدەی لەو دەزگا میدیایەی کە کاری تێدا دەکەیت".
ئەمەش بەو مانایە نییە کە مۆرینیۆ دوورە لەو قسانەی لەسەری دەگوترێت، ئەو باش درک بە پێگەی خۆی لە جیهانی تۆپی پێدا دەکات، هەروەها دەزانێت کە ریال مەدرید هەمیشە یانەیەکی خاوەن پێگەیەکی تایبەت دەبێت لای ئەو، دوای ئەوەی سەردەمێکی ناوازەی تێدا بەسەر برد سەرەڕای ئەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵیاندا بەدەست نەهێنا.
لە ئەگەرێکدا ئەگەر گرێبەستێکی فەرمی بۆ راهێنەرایەتی یانەی شاهانە پێبگات، پێشبینی دەکرێت پێش بڕیاری کۆتایی بە وردی لێکۆڵینەوەی تێدا بکات، بەتایبەت کە پابەندە بە گرێبەستێک لەگەڵ یانەی ئێستای و بەنیازی پابەندبوونە پێوەی مەگەر پێشهاتی چاوەڕواننەکراو رووبدەن.
رۆژنامەکە راپۆرتەکەی بەوە کۆتایی پێهێنا کە تۆپی پێ جێگیری ناناسێت و هەموو شتێک تێیدا بە خێرایی دەگۆڕێت، ئەمەش شتێکە مۆرینیۆ باش دەیزانێت، بەڵام ئێستا پێیباشە هێمن بمێنێتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی هیچ پەیوەندییەکی فەرمی لەلایەن ریال مەدریدەوە.
مۆرینیۆ لەگەڵ ریال مەدرید خاوەنی 3 نازناو بوو لەگەڵ 128 بردنەوە و تەنیا 22 دۆڕان .
لە کۆتاییدا، گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ تەنیا گۆڕینی راهێنەرێک نییە، بەڵکو گەڕانەوەی شکۆ و جۆشوخرۆشە بۆ نێو هاندەرانی یانەی شاهانە. هەرچەندە تاوەکو ئێستا هەموو شتێک لە چوارچێوەی دەنگۆ و چاوەڕوانیدایە، بەڵام مێژوو سەلماندوویەتی کە لە جیهانی تۆپی پێدا هیچ شتێک مەحاڵ نییە، بەتایبەت کاتێک باسەکە پەیوەندی بە 'سپێشەڵ وەن' فلۆرێنتینۆ پێرێزەوە هەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ