بەهۆی زۆرانبازیی لەگەڵ باگریێل، هالاند لەماڵەوە تووشی شەڕ بووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن ئێرلینگ هالاند
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ئێرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی، دانیبەوەدا ناوە کە ئیزابێل هاوسێنگ جۆهانسنی کچەهاوڕێی، زۆرجار بەهۆی ئەو شوێنەوار و برینانەی لە یارییەکانی پرێمەرلیگدا لەسەر جەستەی دروست دەبن، دڵخۆش نییە و ئەو دۆخەی پێ سەیرە.
 
لە یارییە پڕ ململانێیەکەی نێوان مانچێستەر سیتی و ئارسێناڵ، کە بە سەرکەوتنی تیپەکەی پیپ گواردیۆلا بە ئەنجامی 2-1 کۆتاییهات، ئێرلینگ هالاند و گابریێل ماگالایس، بەرگریکاری بەرازیلی، کەوتبوونە ململانێیەکی جەستەیی تووندەوە. لەو یارییەدا درێسەکەی هالاند دڕا و چەندین رووبەڕووبوونەوەی تووند لە نێوان ئەو دوو یاریزانەدا روویاندا. لە یەکێک لە دیمەنەکاندا، گابریێل هەوڵیدا بە سەر لە هێرشبەرە نەرویجییەکە بدات و بەهۆیەوە ناوبژیوان کارتی زەردی پێدا.
 
هالاند ئاشکرای کردووە، ئەو شوێنەوار و برینانەی لە یارییەکاندا تووشی دەبێت، روونکردنەوەیان لە نێو ماڵدا ئاسان نییە. هێرشبەرە نەرویجییەکە لەو بارەیەوە دەڵێت "پێموایە درێسەکەم کەمێک راکێشرا! فاوڵەکەم بۆ ئەژمار نەکرا، بەڵام ئەمە پرێمەرلیگی ئێستایە. لێرە و لەوێ زۆرانبازییە. ململانێ و برینێکی زۆر هەیە. هەندێکجار کچەهاوڕێکەی بەمە دڵخۆش نییە، چونکە شێوەکەی کەمێک نادروست دیارە! بەڵام ئەمە راستییەکەیە".
 
هالاند، ئاماژەی بەوە کرد کە پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکان هاوکار بووە بۆ ئەوەی جەستەی چاک ببێتەوە. هالاند سوپاسی ستافی راهێنەرانی هەڵبژاردەی نەرویجی کرد کە رێگەیان پێداوە پشوو بدات دوای ئەوەی لەم وەرزەدا 50 یاری ئەنجامداوە. ئەو یاریزانە دووپاتی کردەوە کە ئێستا هەست بە باشی دەکات و ئامادەیە بۆ دوایین دوو مانگی وەرزەکە و رکابەرییەکان، بەتایبەت کە مۆندیالیشی لە پێشە.
 
ئێرلینگ هالاند لەم وەرزەی پرێمەرلیگدا ئاستێکی بەرز پێشکێش دەکات و یەکێکە لە رکابەرە سەرەکییەکان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی گۆڵکاری خولەکە و 23 گۆڵی هەیە و نزیکە لە بردنەوەی نازناوەکان لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە