گواردیۆلا، ئەو راهێنەرەی بۆ هەتاهەتایە پرێمەرلیگی گۆڕی

59 خولەک له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا پرێمەرلیگ یانەی مانچێستەر سیتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

پێپ گواردیۆلای ئیسپانی، لە چەند رۆژی داهاتوودا کاروانەکەی لەگەڵ مانچێستەر سیتی کۆتایی دێت، پاشئەوەی نزیکەی 10 ساڵی لە خولەکەدا بەسەربرد.
 
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکان کۆکن لەسەرئەوەی لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا، گواردیۆلا لە یانەی مانچێستەر سیتی دەڕوات و ئینزۆ مارێسکا شوێنگرەوەی دەبێت.
 
رۆیشتنی پێپ لە پرێمەرلیگ، رۆیشتنی راهێنەرێکی ئاسایی نییە، چونکە گواردیۆلا ئەو راهێنەرەیە کە لەماوەی ساڵانی کارکردنی لە خولەکە، کۆنترۆڵی نازناوەکانی کرد و گۆڕانکاریی ریشەیی و هەتاهەتایی بەسەر پرێمەرلیگدا بەجێهێشت.
 
پێپ کە ساڵی 2016 گەیشتە ئینگلتەرا، دوای نزیکی دە ساڵ لە یانەکە دەڕوات و لەو ماوەیەدا 20 نازناوی بەدەستهێنا، لە نێویاندا 6 نازناوی پرێمەرلیگ کە چواریان بەسەریەکەوە بوون و ئەوەش مێژوویی بوو و پێشتر هیچ راهێنەرێک ئەو دەستکەوتەی بەدەستنەهێناوە.
 
لووتکەی دەستکەوتە گەورەکەی گواردیۆلا لەگەڵ سیتی، بەدەستهێنانی یەکەم چامپیۆنزلیگ بوو لە مێژووی یانەکەدا لە 2023 کە وەرزێکی مێژوویی بوو، پاشئەوەی پێپ لەگەڵ سیتی سیانەی مێژوویی جام، خول و چامپیۆنزلیگی بردەوە.
 
مانچێستەر سیتی، لە ماوەی ساڵانی کارکردنی پێپدا، کۆنترۆڵی تەواویی خولی ئینگلتەرای کرد، پاشئەوەی لە چەندین وەرزی پڕ لە ململانێ و رکابەریدا، بەسەر لیڤەرپوول و ئارسیناڵدا سەرکەوت.
 
بۆ سیتی، پێپ تەنیا بەدەستهێنانی نازناوەکان نەبوو، بەڵکو ئەو راهێنەرە تیپێکی باڵادەستی گەورەی دروستکرد، ئەمساڵیش لە یاریی کۆتایی کاراباو کەپ لە ئارسیناڵی بردەوە و وێڕای لەدەستدانی پرێمەرلیگی ئەمساڵ، بەڵام چەند هەفتەیەک لەمەوبەر لە خولدا لە هەمان تیپی بردەوە و تەنیا یەک گەڕ پێشکۆتایی هاتنی خولەکە، وازی لە ململانێ لەسەر نازناوەکە هێنا.
 
پێپ کاریگەریی لەسەر یانەکانی دیکەش دروستکرد، کاریگەریی گەورەی لەسەر شێوازی یارییکردنی یانەکانی خولەکە بەجێهێشت، پاشئەوەی بیرۆکەی بونیادنانی یاریی لە پشتەوە هێنایە نێو خولەکە، لەگەڵ کۆنترۆڵی تۆپ و پاساتی کورت وەک پێکهێنەرێکی سەرەکی ستایلی یارییکردن، لە کاتێکدا ئەو شێوازە لە سیتییەوە گواسترایەوە بۆ تیپەکانی دیکە.
 
فەیلەسوف بووە ئیلهامبەخشی ژمارەیەکی بەرچاوی یانەی نێو ئینگلتەرا لە رووی تاکتیکییەوە، چ لە رێگای پشتبەستن بە گۆڵپارێز بۆ دروستکردنی یاریی، یان جووڵەی بەرگریکەران بۆ ناوەڕاستی یاریگا و سەرنج خستنە سەر کۆنترۆڵ و پاساتی کورت.
 
ئەو بیرۆکانە لە کاتێکدا هاتنە نێو ئینگلتەراوە، کە ستایلی یارییکردنی تیپەکان بۆ ساڵانێکی زۆر پشتیان بە یاریی راستەوخۆ، خێرایی و بەرکەوتنی جەستەیی دەبەست. بەرلەوەی ئەو بیرۆکانەی پێپ وردە وردە لە نێو یانەکانی خولەکەدا بڵاوببنەوە و چەندین یانە پەیڕەوی بکەن، دواتر هەمان شت بگوازرێتەوە بۆ تیپی خولەکانی خوارتر.
 
لە دوای یەکلابوونەوەی رۆیشتنی پێپ لە سیتی، یانەکە جیا لەوەی کە گۆڕانکاری لە بەڕێوەبەریی تیپەکەیدا دەکات و پێشبینیکراوە مارێسکا شوێنی بگرێتەوە، تیپەکە چەندین یاریزانی دیکەش لەدەستدەدات، لە نێویاندا بێرناردۆ سێلڤا و جۆن ستۆنز کە رۆیشتنی خۆیان لە یانەکە لە کۆتایی وەرزی ئەمساڵدا راگەیاندووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە