رووداو بۆ سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپیی نێودەوڵەتی: کەی یارمەتی منداڵە وەرزشڤانەکانی کورد دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
کریستی کۆڤێنتری، سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی، رۆژی چوارشەممە لە بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو لە نیویۆرک بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەکی رێکخراوەکە لەسەر رۆڵی وەرزش بۆ ئاشتی و پەرەسەندن. لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی رووداودا، خاتوو کۆڤێنتری لەبارەی یارمەتیدانی منداڵانی کوردی رزگاربووی جەنگی داعش دەڵێت "کار لەسەر ئەوە دەکەین چۆن بتوانین زیاتر پشتیوانی هەر ناوچەیەکی جیهان بکەین کە بەدەست ململانێ و شەڕەوە دەناڵێنن".
رووداو: من نامۆ عەبدوڵڵام لە تۆڕی میدیایی رووداو. خاتوو سەرۆک، پرسیارێکم هەیە: رێکخراوەکەتان، لیژنەی ئۆڵۆمپی نێودەوڵەتی (IOC)، پێشتر سکۆلارشیپ (یاخود زەمالە) و بەرنامەی دیکەی پشتیوانی دابینکردووە بۆ ئەو وەرزشوانە گەنجانەی کە بەهۆی جەنگ و ئاوارەییەوە زیانمەند بوون. دەمەوێت بزانم ئایا هیچ بەرنامەیەکی لەو شێوەیەتان لە عێراق و سووریا هەیە بۆ رزگاربووانی جەنگی داعش، بەتایبەتی هەزاران منداڵی کورد وەک دەزانن دایک و باوکیان لەدەستداوە؟ ئایا هیچ بەرنامەیەک لە عێراق و سووریا هەیە؟
کریستی کۆڤێنتری: سوپاس. لەڕێگەی 'هاوسۆزی ئۆڵۆمپی'یەوە، بەرنامەی جیهانیمان بۆ سەرجەم 206 لیژنە ئۆڵۆمپییە نیشتمانییەکانمان هەیە. وەک ئاماژەشت پێدا، بودجەی تایبەتمان تەرخانکردووە بۆ ئەو لیژنە ئۆڵۆمپییە نیشتمانیانەی کە پەیوەندیمان پێوە دەکەن کاتێک پێویستیان بە یارمەتی و پشتیوانی زیاتر هەیە. بۆیە ئێمە بەردەوام ئەوە دەکەین. هەروەها گرووپێکی کارمان پێکهێناوە کە کار لەسەر ئەوە دەکات چۆن بتوانین زیاتر پشتیوانی هەر ناوچەیەکی جیهان بکەین کە بەدەست ململانێ و شەڕەوە دەناڵێنن و ئەم پشتیوانییە دەبێت چۆن بێت، بۆیە ئێمە ئێستا لە قۆناخی تاوتوێکردنی ئەوەداین کە چۆن بتوانین پشتیوانییەکی زیادە دابین بکەین.