رووداو دیجیتاڵ
کۆرتیس جۆنزی یاریزانی یانەی لیڤەرپوول، نهێنییەکانی داوای لێبوردنی محەمەد سەڵاحی لە یاریزانانی لیڤەرپوول ئاشکراکردووە، پاش رووداوەکانی چەند هەفتەی رابردوو.
سەڵاح لە لێدوانێکی ئاگراویدا، ئاشکرایکرد لە لیڤەرپوول دۆخی باش نییە و خراوەتە سەر کورسیی یەدەگ، بەبێئەوەی هۆکارەکەی بزانێت. هەروەها ئاشکرایکرد کە پەیوەندیی لەگەڵ ئارنێ سلۆتی راهێنەری یانەکە نەماوە.
لێدوانەکانی سەڵاح کاردانەوەی گەورەیان بەدوای خۆیاندا هێنا. بەڵام دواتر دۆخەکە ئاسایی بووەوە و ئەو یاریزانە گەڕایەوە پێکهاتەی تیپەکەی.
کۆرتیس جۆنز ئاشکرایکردووە، بەرلە گەڕانەوەی سەڵاح بۆ پێکهاتەی تیپەکە، ئەو یاریزانە داوای لێبوردنی لە هاوڕێکانی کردووە لە ژووری جلگۆڕین.
جۆنز دەڵێ، "سەڵاح کەسێکی ئازادە، مافی خۆیەتی بۆچوونی خۆی بڵێت، ئەو داوای لێبوردنی لە هەمووان کرد و گوتی، داوای لێبوردن لە هەر کەسێک دەکەم کە هەستی نێگەتیڤی بەهۆی قسەکانی منەوە بۆ دروست بووبێت".
جۆنز زیاتر دەڵێ، "من لە سرووشتی ناسینی مۆوە قسە دەکەم و دەزانم چۆن مامەڵە دەکات. ئەو پۆزەتیڤ بوو، هیچ نەگۆڕاوە و هەر سەڵاحەکەی جارانە".
ئەو یاریزانەی لیڤەرپوول زیاتر دەڵێ، "سەڵاح زەردەخەنە هەمیشەییەکەی لەسەر لێوی بوو، هەمووان جۆشوخرۆشی ئەویان بینی، پێموایە ئەوە هەمووی پەیوەندی بەویستی ئەو بۆ بردنەوەوە هەیە، پێموانییە هیچ شتێکی دیکە لە ئارادابێت".
جۆنز زیاتر دەڵێ، "رێگەی جیاواز بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکان هەیە، بەڵام ئەگەر یاریزانێک بەدانیشتن لەسەر کورسیی یەدەگ رازی بێت و نەیەوێت هاوکاریی تیپەکە بکات، ئەوە کێشەی راستەقینەیە. کاتێک هەستمان بەهەر جۆرە تووڕەییەک کرد، ئەوە لە نیازپاکیی هەمووانەوە سەرچاوەی گرتووە".
جۆنز ئەوەشی خستووەتە روو کە بەشێک لە نهێنیی سەرکەوتنەکانی لیڤەرپوول، پەیوەندی بەهەستی یەک خێزانییەوە هەیە لە یانەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ