دوای ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ؛ ریال مەدرید لە بێرنابیۆ بەدوای زەردەخەنەیەکی ونبوودا دەگەڕێت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ریال مەدرید
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

رکابەرییەکانی گەڕی 32ـی لالیگا بەڕێوەدەچن، یانەی ریال مەدرید دوای لەدەستدانی جامی شای ئیسپانیا و چوونە دەرەوەی لە چامپیۆنزلیگ، هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لە دەستگرتن بەو هیوا کەمەوە کە بۆ رکابەریکردنی بارسێلۆنا هەیەتی.
 
بەهۆی بەڕێوەچوونی یاریی کۆتایی جامی شای ئیسپانیا، یارییەکانی ئەم گەڕەی خولەکە لە ناوەڕاستی هەفتەدا بەڕێوەدەچن.
 
ریال مەدرید لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداریی دیپۆرتیڤۆ ئالاڤێش دەکات و دەیەوێت بەبردنەوەی یارییەکە هەم جارێکی دیکە زەردەخەنە بگەڕێنێتەوە سەر رووخساری هاندەرانی، هەمیش جیاوازییەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا بەشێوەیەکی کاتی بۆ شەش خاڵ کەمبکاتەوە.
 
ریال مەدرید لە دۆخێکی باشدا نییە، تیپەکە لە چوار یاریی رابردوودا بەشێوەیەکی گشتی هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، چەند رۆژێک لەمەوبەر بەرامبەر بایرن میونشن لە چامپیۆنزلیگ کرایە دەرەوە، ئەوە نیگەرانییەکانی هاندەرانی زیاتر کرد.
 
ئێستا یانەی شاهانە نزیکە لەوەی بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک بەبێ نازناو وەرزەکە تەواو بکات، ئەوەش بووەتە هۆکاری ئەوەی دەنگۆی گۆڕانکاری زۆر لەنێو تیپەکەدا بڵاوببنەوە.
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو راول ئاسێنسیۆ ئامادەنییە، کۆرتوا گەڕاوەتە نێو مەشقەکانی تیپەکە، بەڵام یاریی ناکات.
 
ریال مەدرید 45 یاریی بەرامبەر ئالاڤێش کردووە، 37 یاریی لێ بردووەتەوە، 3 جار یەکسانبووە و تەنیا 5 یاریی بەرامبەر ئەو یانەیە دۆڕاندووە.
 
لۆس بلانکۆس هەشت یاریی رابردووی لەسەریەک لە رکابەرەکەی بردووەتەوە، لە ساڵی 2020، دوایینجار بوو کە بە گۆڵێک بەرامبەر دوو گۆڵ بەو یانەیە دۆڕا، بەڵام ئەو دۆڕانەشی لە بێرنابیۆ بوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە