رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەکانی نزیک لە کارگێڕیی یانەی ریال مەدرید، ئاشکرایانکردووە کە دەیڤید ئالابای بەرگریکاری نەمسایی نزیکە لە جێهێشتنی ریزەکانی یانەی شاهانە و دەڵێن "لە ئێستاوە چەند یانەیەک دەستەوارەیان ئامادەکردووە بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو بەرگریکارە".
ریال مەدرید بە قۆناخێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت، دوای ئەوەی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا ماڵئاوایی کرد، بەهۆی شکستێکی دراماتیکی بەرامبەر بایرن میونشن لە رووبەڕووبوونەوەیەکدا کە پڕبوو لە ورووژاندن و هەڵبەز و دابەز.
تیپە شاهانەکە تەنیا چەند هەنگاوێکی مابوو بۆ ئەنجامدانی گەڕانەوەیەکی مێژوویی لە ناو یاریگەی ئالیانز ئەرینا، بەڵام رەوتی یارییەکە گۆڕا دوای دەرکردنی ئیدواردۆ کاماڤینگای یاریزانی هێڵی ناوەڕاست، ئەمەش سوودێکی زۆری بە تیپە باڤارییەکە بەخشی بۆ گۆڕینی ئەنجامەکە و بەدەستهێنانی بلیتی سەرکەوتن.
ئازارەکانی ریال مەدرید تەنیا لە ماڵئاواییکردنی ئەورووپا ناوەستێت، بەڵکو هەلی بەدەستهێنانی نازناوی خولی ئیسپانیاش زۆر ئاڵۆز بووە، چونکە بەجیاوازی 9 خاڵ لە دوای بارسێلۆنای رکابەرییەتی، تەنیا 7 گەڕیش بۆ کۆتایی وەرز ماوە، ئەمەش گەڕانەوە بۆ پێشەنگ تا راددەیەک مەحاڵ دەکات. ئەمە وایکردووە یانەکە بیر لە دووبارە بنیاتنانەوەی تیپەکە بکەنەوە لە رێگەی بەڕێکردنی چەند یاریزانێکی ئێستای و هێنانی چەند یاریزانێکی نوێ بۆ ریزەکانی یانەکە.
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە، ئاشکرای کردووە کە دەیڤید ئالابای بەرگریکاری نەمسایی نزیکە لە جێهێشتنی ریال مەدرید وەک یاریزانێکی ئازاد (بەبێ بەرامبەر)، ئەمەش بەپشتبەستن بەو راپۆرتانەی کە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردووەوە بڵاودەبنەوە.
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە چەندین یانە پەیوەندییان بە ئالاباوە کردووە، بەهۆی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی شاهانە، کە لە 30ـی حوزەیرانی داهاتوودا کۆتایی دێت.
ئالابا لە هاوینی2021 بە گرێبەستێکی بێبەرامبەر و دوای کۆتایی هاتنی ماوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بایرن میونشن پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، بەڵام کاروانەکەی لەگەڵ تیپەکە لەم دواییانەدا پاشەکشەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش بەهۆی زنجیرەیەک پێکانە یەک لە دوای یەکەکان، کە کاریگەری گەورەیان هەبوو لەسەر ئامادەیی هونەری و جەستەیی یاریزانەکە.
دوای ئەوەی لە وەرزی یەکەمیدا بە درێسی مێرێنگی لە 46 یارییدا بەشداری کردبوو، لەم وەرزەدا ئامادەیی بەشێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و تاوەکو ئێستا تەنیا لە 13 یارییدا بەشداری کردووە، ئەمەش قەبارەی ئەو ئاستەنگانە دەردەخات کە یاریزانەکە ئێستا رووبەڕوویان دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ