رووداو دیجیتاڵ
میدیاکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە تاوەکو ئێستا 7 یانە لەسەر هێڵن و ئامادەن بۆ پێشکەشکردنی دەستەوارە بە ریال مەدرید بەمەبەستی گرێبەستکردن لەگەڵ گۆنزالۆ گارسیای هێرشبەری یانەی شاهانە.
گۆنزالۆ گارسیا، ئەستێرە گەنجە ئیسپانییەکە، سەرەتایەکی باشی لەگەڵ ریال مەدرید هەبوو، کە تێیدا بووە سوپرایزەکەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری پێشوو لە کاتی جامی جیهانی یانەکاندا.
ئەم ئەستێرە تەمەن 22 ساڵانە نازناوی گۆڵکاری جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێنا و راهێنەری پێشوو ئەویشی لەجیاتی ئێندریکی بەرازیلی هەڵبژاردبوو کە بەخواستن یانەکەی جێهێشت.
بەڵام لەگەڵ دوورخستنەوەی چابی ئەلۆنسۆ، رۆڵی ئەو یاریزانە لە سەردەمی ئەلڤارۆ ئەربێلۆای راهێنەری ئێستا بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کرد و بەشدارییەکانی لەگەڵ تیپەکەدا کەم بوونەوە.
داهاتوویەکی ناڕوون
داهاتووی گۆنزالۆ گارسیا لەنێو ریال مەدرید بووەتە جێی مشتومڕ؛ لەنێوان مانەوەی لە وەرزی داهاتوو، یان بەڕێکردن بەشێوەی خواستن، یان فرۆشتنی بە مەرجی هێشتنەوەی رێژەیەک لە مافی گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوودا بۆ ئەوەی خولەکی زیاتری بۆ یاریکردن دەست بکەوێت. ئەمەش لەکاتێکدایە کە چاوەڕوان دەکرێت ئێندریکی هێرشبەری بەرازیلی بگەڕێتەوە، کە بەخواستن لە یانەی ئۆڵۆمپیک لیۆنی فەرەنسییە و لەوێ ئاستێکی نایاب پێشکەش دەکات.
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی شاهانە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم ئەستێرە گەنجە چەندین دەستەوارەی لە یانە ئەوروپییەکانەوە بۆ هاتووە و لەلایەن 7 یانەوە پەیوەندی پێوە کراوە.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان باسیان لەوە کردووە کە چەندین یانە لە ئیسپانیا، ئیتاڵیا، ئینگلتەرا و ئەڵمانیا گرنگی بەم هێرشبەرە گەنجە دەدەن، کە دیارترینیان یانەی کۆمۆی ئیتاڵی و نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزین.
ئەم هێرشبەرە گەنجە لەم وەرزەدا لە 34 یارییدا لەگەڵ ریال مەدرید بەشداری کردووە، تێیاندا 6 گۆڵی تۆمارکردووە و یەک گۆڵیشی دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ