رووداو دیجیتاڵ
لێکۆڵینەوە زانستی و دەروونییەکان دەریانخستووە، هاندەرانی تۆپی پێ بە شێوەیەکی سرووشتی، چێژ لە شکستی یانە رکابەرەکانیان دەبینن، ئەم دیاردەیە لە پرێمەرلیگ و بەتایبەت بەرامبەر ئارسیناڵ و تۆتێنهام گەیشتووەتە لووتکە و بووەتە بابەتێکی گەرمی نێو میدیاکان و سۆشیال میدیای ئەو وڵاتە.
لە یاریی مانچێستەر سیتی بەرامبەر چێڵسی، هاندەرانی سیتی بوتڵی ئاویان بە لۆگۆی ئارسیناڵەوە بەرزکردەوە بۆ گاڵتەکردن بەو یانەیە، ئەم رەفتارە وەک ئاماژەیەک بۆ شکستی ئارسیناڵ لە ململانێی بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ لە سێ وەرزی رابردوودا دەبینرێت. دیاردەکە بووەتە ترێند و ساڵانە هاندەرانی دژە ئارسیناڵ، بەشێوازی جیاواز دووبارەی دەکەنەوە.
ئەم تێڕوانینە تەنیا بۆ ئارسیناڵ نییە، بەڵکو تۆتێنهامیش بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی و ئەگەری دابەزینی بۆ خولی پلە یەک، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1977، کەوتووەتە ژێر چاودێریی وردی هاندەران.
بەپێی توێژینەوەیەکی دکتۆر مات بوتلەر، لێکۆڵەر لە کینگس کۆلێژ لە لەندەن، ئەو ناوچانەی مێشک کاتی سەرکەوتنی یانەی دڵخواز چالاک دەبن، هەمان ئەو شوێنانەن کە کاتی شکستی رکابەرەکانیش چالاک دەبن و هەستی خۆشی دەبەخشن. ئەو پسپۆڕە دەڵێت "ئەمە هەستێکی پڕ لە چێژە بۆ هاندەرانی تۆپی پێ و دۆپامینێکی زۆر دەرژێت".
ئەو دیاردەیە مێژوویەکی کۆنی هەیە، ساڵی 1995 هاندەرانی لیڤەرپوول دوودڵ بوون لەوەی یانەکەیان بیباتەوە و نازناوەکە بۆ مانچێستەر یونایتدی رکابەریان بێت، کاتێکیش هەواڵی یەکسانبوونی یونایتد گەیشت، هاندەران بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە ئاهەنگیان گێڕا.
هەروەها وەرزی رابردوو ئانج پۆستێكۆگلو، راهێنەری پێشووی تۆتێنهام، توڕەیی خۆی پێشادا کاتێک هەستی کرد هاندەرانی یانەکەی دەیانەوێت، تیپەکەیان بدۆڕێت تەنیا بۆ ئەوەی رێگری لە بردنەوەی نازناوی پرێمەرلیگ لەلایەن ئارسیناڵەوە بکەن. راهێنەرەکە گوتی "هەرگیز تێناگەم بۆچی کەسێک دەیەوێت یانەکەی بدۆڕێت".
بەپێی توێژینەوەیەکی دەروونی لە ساڵی 2017، دەرکەوتووە هاندەران ئامادەن پارەی زیاتر بدەن بۆ بینینی شکستی رکابەرەکەیان وەک لە بردنەوەی یانەی دڵخوازی خۆیان،
دکتۆر مارک دۆیدج، پسپۆڕی کۆمەڵناسی وەرزشی ئاماژە بەوە دەکات یانەکانی وەک ئارسیناڵ و تۆتێنهام، بەهۆی دەوڵەمەندی و بوونیان لە ناوچە خۆشەکانی لەندەن، زیاتر رووبەڕووی ئەم جۆرە رەفتارانە دەبنەوە. بینینی شکستی یانە گەورە و ملیاردێرەکان وەک جۆرێک لە هاوسەنگی و دادپەروەری لای هاندەران دەردەکەوێت.
تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رۆڵێکی گەورەیان بینیوە لە زیادکردنی ئەم دیاردەیە، چونکە ئێستا دەرفەتی زیاتر هەیە بۆ بینینی وردەکاریی شکستی یانەکان و گاڵتەکردن پێیان بەشێوازی جیاواز.
ئارسیناڵ ئێستا لە پلەی یەکەمی پرێمەرلیگ دێت و هەوڵی بەدەستهێنانی یەکەم نازناوی خولەکە دەدات کە دواجار ساڵی 2004 بوو بەدەستیهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ