دیزاینی یاریگە نوێیەکەی میلان و ئینتەر ئاشکرا کرا
هەردوو یانەی ئینتەرمیلان و ئەیسی میلان ئەمڕۆ دیزاینی یاریگە نوێیەکەیان راگەیاند کە دەبێتە شوێنگرەوەی یاریگەی (جۆزێپێ میتزا- سانسیرۆ) کە موڵکی شارەوانی شاری میلانۆیە.
لە مەراسیمێکی تایبەت بە پێشکەشکردنی پڕۆژە نوێیەکەی هەردوو یانەکەی شاری میلانۆ: "هەردوو یانە جەختیان لەوە کردەوە کە ناوی یاریگە نوێیەکەیان بەناوی پۆڵۆس کاتێدراڵ، دەبێت. چەند هەفتەی داهاتوو تەرخان دەکەن بۆ تەواوکاریی گەڵاڵەبوونی کۆی دیزانی یاریگە نوێیەکە، بۆ ئەوەی کارکردن لەو پڕۆژەیەدا لە ئایندەیەکی نزیکدا تێدا دەستپێبکات".
ماڵپەڕی فەرمی هەردوو یانەکەی شاری میلانۆ ئاشکرایان کرد: "یاریگە نوێیەکە لە ناوچەی سانسیرۆ دروست دەکرێت، تاوەکو ئێستا باس لەوە نەکراوە کەی کارکردن لە پڕۆژەکە دەسپێدەکات، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەو یاریگەیە ساڵی 2027 کارەکانی تەواو بێت. لەگەڵ ئەوەشدا هەردوو یانە سوورن لەسەر ئەوەی یاریگە کۆنەکەیان بەتەواوی لەنێو نەچێت و وەکو بەشێک لە پڕۆژەی وەرزشی هەردوو یانە بمێنێتەوە".
پێشبینی دەکرێت یاریگە نوێیەکەی دوو یانەکەی شاری میلانۆ لە ماوەی سێ ساڵ کارەکانی تەواو بێت و تێچووی پڕۆژەکە 740 ملیۆن دۆلاری پێویستە، بەڵام کەمتر لە یاریگاکەی ئێستا هاندەر لەخۆدەگرێت کە 65 هەزار هاندەر دەتوانن بلیتی چوونەژوورەوە ببڕن، ئەمە لەکاتێکدا یاریگاکەی ئیستای هەردوو یانە ئیتاڵییەکە 82 هەزار هاندەر لەخۆدەگرێت.
ماوەی 70 ساڵە بەهاوبەشی هەردوو یانەی ئینتەرمیلان و ئەیسی میلان لە یەک یاریگە یاری دەکەن، ئێستاش شارەوانی میلانۆ گڵۆپی سەوزی بۆ تێکدانی یاریگەکە هەڵکردووە، بەڵام چەند رێکارێکی ئیداری هەیە دەبێت جێبەجێبکرێت، بەر لە دەستکردن بە رووخانی یاریگەکە