رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە جەزائیر، پاسی یانەیەکی وەرگەڕا و بەو هۆیەوە 3 کەس گیانیان لەدەستدا و چەند کەسێکیش بە سەختی برینداربوون.
لە رووداوێکی ناخۆشدا پاسی یانەی مولودیە بەیازی جەزائیری لە کاتی چوونیان بۆ ویلایەتی تیزی ئوزو بۆ ئەنجامدانی یارییەکەیان بەرامبەر یانەی شەبیبە قەبائیل تووشی رووداوێکی سەختی هاتووچۆ بوو و بەو هۆیەوە 3 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەپێی سەرچاوەکانی نێو کارگێڕیی یانەکە، تاوەکو ئێستا زەکریا بوزیانی، گۆڵپارێزی یانەکە، لەگەڵ خالد مفتاح، یاریدەدەری راهێنەری یانەکە و عیزەدین بن شاقور، شۆفێری پاسەکە گیانیان لەدەستداوە.
رووداوەکە کاژێر 22:30ـی شەوی چوارشەممە روویداوە و ئەو پاسەی تیپی تۆپی پێی یانەی مەولودیە بەیازی هەڵگرتبوو لەسەر رێگەی 06 کە هەردوو رێگەی سوقر و سی عەبدولغەنی بەیەکەوە دەبەستێتەوە وەرگەڕا و زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێکەوتەوە.
دوای رووداوەکە لایەن پەیوەندیدارەکان بەخێرایی خۆیان گەیاندە شوێنی رووداوەکە بریندارەکان بۆ نەخۆشخانە گواستراونەتەوە و بەپێی دوایین زانیارییەکانیش 4 یاریزان برینەکانیان سەختە و لەژێر چاودێریی چڕدان.
دوای ئەم رووداوە ناخۆشە کە هەموو جەزائیری دڵتەنگکرد، لیژنەی بەڕێوەبردنی یارییەکانی خولی وڵاتەکە بڕیارییدا سەرجەم چالاکییەکانیان بۆ ماوەیەکی نادیار رابگرێت.
وەلید سادی، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی جەزائیر لەلێدوانێکدا دووپاتیکردەوە کە سەرجەم چالاکییەکانی تایبەتی تۆپی پێ بەهەموو ئاستەکانیانەوە لە وڵاتەکەیان رادەگرن وەک هاوخەمیان بۆ یانەی مەولودیە.
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە لە پەیامەکەیدا سەرەخۆشی خۆی گەیاندە، ماڵباتی قوربانییەکان، یاریزانان و هاندەرانی یانەی مەولودیە و هیوای چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی رووداوەکە دەخوازێت.
لەلایەن خۆیەوە عەبدولرەزاق حەماد، وەیزیری وەرزش و لاوانی جەزائیر بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە ماڵباتی یانەی مەولودیە و خانەوادەی قوربانییەکان دەکات و دەڵێت "بەدڵتەنگییەکی زۆرەوە و بەو دڵانەی باوەڕیان بە ویست و چارەنووسی خوا هەیە، هەواڵی کۆچی دوایی گۆڵپارێزی کۆچکردوو زەکەریا بوزیانی و خالد مفتاح، یاریدەدەری راهێنەری یانەکەم پێشگەیشت، خوا بەبەهەشتیان شادبکات."
جەمال بسایح، جێگری سەرۆکی یانەی مەولودیەیە و دەڵێت "دەمەوێت ئەوپەڕی رێز و خۆشەویستی خۆمان بۆ قوربانیانی رووداوەکە دووپاتبکەینەوە و سەرەخۆی لە ماڵباتە ئازیزەکانیان دەکەین، ناتوانین بەرگەی ئەوە بگرین کە روویداوە، یانە هەیە بە پارەکانیان گەیشتوونەتە سنووری ئاسمان، هەندێک یانەی دیکەش هێشتا لەژێر زەویدا ئازار دەچێژن."
جێگری سەرۆکی ئەو یانەیە گوتی " لۆژیکی نییە ئێمە خۆمان بۆ یاری ئامادەبکەین و دوای ئەوەش بە پاس لە رێگەی وشکانییەوە گەشتەکانمان ئەنجامبدەین."
جەمال بسایح، جێگری سەرۆکی یانەی مەولودیە زیاتر گوتی "بڕیاربوو ئێمە بە فڕۆکەی هێلی ئاسمانی جەزائیری گەشتەکەمان ئەنجامبدەین، سەرەڕای ئەوەی دۆخی داراییمان خراپە، بەڵام نازانم بۆچی لە دوایین ساتەکاندا لەلایەن ئەو هێڵەوە گەشتەکەمان هەڵوەشێنراوەیە، بۆیە ناچاربووین بڕیاربدەین لە رێگەی وشکانییەوە گەشتەکە ئەنجامبدەین."
بەهۆی ئەم رووداوەوە، جگە لە راگرتنی یارییەکانی خولی جەزائیر و چالاکییەکانی دیکە، بڕیاردرا رێوڕەسمی راکێشانی تیروپشکی قۆناخی 32 و 16ـی جامی وڵاتەکەش بۆ کاتێکی دیکە دوابخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ