رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، هاوینی رابردوو یانەی بارسێلۆنا نزیکبووە لە دەستبەرداربوون لە فێرمین لۆپێز، بەڵام هانزی فلیکی راهێنەر، لە دواساتەکاندا، پڕۆسەی فرۆشتنەکەی هەڵوەشاندووەتەوە.
فێرمین لۆپێز، ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا، دوای ئەوەی نزیکبوو ریزەکانی یانەکە جێبهێڵیت، ئێستا بە ئاستە ناوازەکەی هەمووانی سەرسامکردووە.
لە هاوینی رابردوو، یانەی چێڵسی بەچڕیی لەهەوڵدابوو بۆ گواستنەوەی فێرمین لۆپێز، بەپێی میدیای ئینگلتەرا، ئەو یانەیە دەستەوارەیەکی 50 ملیۆنیی بۆ دەستبەرداربوون لە فێرمین پێشکێشی بارسێلۆنا کردبوو و ئامادەبوو بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی ئەستێرە ئیسپانییەکە تاوەکو 75 ملیۆن یۆرۆش بدات.
میدیای کەتەلۆنیا دەڵێت، لاپۆرتا لاری نەبووە لە فرۆشتنی فێرمین ئەگەر دەستەوارەیەکی باشی پێشکێش بکرێت، ئەو پێیوابووە فرۆشتنی فێرمین گرنگە بۆ ئەوەی دۆخی دارایی یانەکە باشتر بکات.
بەڵام کاتێک هانزی فلیک ئاگاداری ئەو بابەتە بووە، راستەوخۆ بە بەڕێوەبەرانی یانەکەی گوتووە، فێرمین بەشێکی گرنگی پڕۆژەی یانەکەیە و نابێت بڕوات، ئەو یەکێک دەبێت لەو یاریزانانەی کە لە وەرزی داهاتوو بەشێوەیەکی زۆر پشتی پێدەبەسترێت.
راهێنەرە ئەڵمانییەکە لەگەڵ یاریزانەکەش قسەیکردووە و پێی راگەیاندووە، خولەکی زیاتری پێدەدرێت و لە یارییە گەورەکان پشتی پێدەبەستێت ئەگەر یانەکە جێنەهێڵێت.
بەپێی میدیای کەتەلۆنیا، بەڕێوەبەرانی یانەکە زۆر متمانەیان بە تواناکانی هانزی فلیک هەیە و هەر بڕیارێک بدات، لای ئەوان یەکلاییکەرەوە دەبێت لەسەر داهاتووی یاریزانەکان، تەنەنات بۆ هێنانی یاریزانی نوێش، پشت بە بڕیارەکانی فلیک دەبەستن.
فێرمین لۆپێز لەم وەرزەدا، لە 17 یاریدا، 10 ئەسیستی کردووە و 10 گۆڵی تۆمارکردووە و هۆکارێکی گرنگی ئاستە نایابەکەی بارسێلۆنا بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ