پرێستیانی داوای لێبوردنی لە یاریزانانی بێنفیکا کردووە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن رەگەزپەرستی لە یاریگەکاندا جیانلوکا پرێستیانی ڤینیسیۆس جونیۆر چامپیۆنزلیگ ریال مەدرید یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

جیانلوکا پرێستیانی، یاریزانی یانەی بێنفیکا لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا داوای لێبوردنی لە یاریزانانی یانەکە کردووە، بەهۆی ئەو کێشەیەوە کە بووە هۆی سەرهەڵدانی لە تیپەکەدا.
 
هەفتەی پێشوو، لە یاریی پلەی ئۆفی قۆناخی شانزەی چامپیۆنزلیگ، لە یاریی بێنفیکا بەرامبەر ریال مەدرید کە بەسەرکەوتنی یانە ئیسپانییەکە بەگۆڵێکی بێبەرامبەر کۆتایی هات، پرێستیانی لە دەمەقاڵەیەکدا لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر، یاریزانی ریال مەدرید، درێسەکەی خستە سەردەمی و قسەی بە ڤینیسیۆس گوت، بەرلەوەی ئەو یاریزانە بچێتە لای ناوبژیوانی یارییەکە و بڵێت، پرێستیانی منی بە "مەیموون" ناوبردووە.
 
ناوبژیوانی یارییەکە بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتەوە، ماوەی دە خولەک یارییەکەی راگرت، بەرلەوەی یاریزانانی ریال مەدرید بگەڕێنەوە یاریگە و یارییەکە دەستپێبکاتەوە.
 
رووداوەکە کاردانەوەی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا. فیفا و یوفا لێکۆڵینەوەیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە و میدیاکان دەڵێن، ئەگەر وتنی قسەی رەگەزپەرستانە لەلایەن پرێستیانییەوە پشتڕاست بکرێتەوە، ئەو یاریزانە سزای تووند دەدرێت.
 
رۆژنامەی 'ریکۆرد'ی پۆرتوگالی ئاشکرایکردووە، پرێستیانی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی یاریزانانی بێنفیکادا لە سەنتەری مەشقەکانی یانەکە، داوای لێبوردنی لە هاوڕێکانی کردووە.
 
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو یاریزانە "خەمباریی گەورەی خۆی" لەبارەی رووداوەکە دەربڕیوە، هەروەها گوتویەتی بەداخە بۆ لێکەوتەکانی رووداوەکە کە ئەگەر هەیە، سەقامگیریی تیپەکە بۆ ماوەیەک تێک بدات.
 
رۆژنامەکە ئاشکرای نەکردووە، ئەو یاریزانە دانیبەوەداناوە کە قسەی رەگەزپەرستانەی بەرامبەر ڤینیسیۆس کردووە یان نا، بەڵام دووپاتیکردووەتەوە داوای لێبوردن لە هەمووان دەکات.
 
هەوڵەکانی ئەو یاریزانە ئەرجەنتینییە، لە کاتێکدایە تیپەکە چوارشەممەی داهاتوو، لە یاریی گەڕانەوەی پلەی ئۆفدا، لە نێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ، رووبەڕووی ریال مەدرید دەبێتەوە و هەوڵیداوە کەشی تیپەکە ئارام بکاتەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە